ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆر لە ناوەندی شاری دێرەزۆر بە دیمەنێکی ڤیدۆیی پەیامێکی بۆ گەلی دێرەزۆر بڵاوکردەوە و لە دیمەنەکەدا فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆر ئەبوو لەیس ئەل خەشام پەیامێک ئاڕاستەیی خەڵکی شارەکە دەکات و باس لە گرنگی هاتنە شارەکەیان دەکات لە پارێزگاری کردنی گەلدا.
فەرماندە ئەل خەشام ئاماژە بەوە دەکات بوونیان لە هەرێمەکەدا بۆ پاراستنی گەلەکەیانە لە مەترسی چەتەکانی دەوڵەتی تورک و ڕێکخستنەکانی داعش لە هەرێمەکەدا و داوا لەگەل دەکات بە هیچ شێوەیەک نەترسن.
ئەو فەرماندە سەربازییە دەربارەی حکومەتی شام ئەمەی وت: "هەموو هەڕەشە چەکداریی و نەژادپەرستییەکانی ڕژێم کۆتایی هات. ئێمە خەڵکی ئەم ناوچەیەین و بۆ پاراستنی گەلەکەمان لێرەین. بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم لەسەر گەلەکەمان هاتووین."
هەر لە قسەکانییدا ئەل خەشام باسی لە ئامانجی هێزەکانی قەسەدە کرد و جەختیکردەوە لەوەی قەسەدە ئەرکی پاراستنی گەلە لە بەرانبەر هێرشەکاندا و وتی: "لە دژی هەموو مەترسییەکان دەبینە قەڵغانێکی بەهێزی پارێزگاریی."
هەر دەربارەی دۆخی نوێی دێرەزۆر، ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆر بە ڕاگەیاندراوێک ئاماژەی بەوەکردووە لە دوای کشانەوەیی هێزەکانی حکومەتی شام، بە ئامانجی پاراستنی گەلی دێرەزۆر، شەڕڤانەکانیان هاتوونەتە دێرەزۆر و ڕۆژئاوای ڕووباری فورات.