عەفرین لەماوەی هەفتەیەکدا، ڕفاندن، تاڵانکردن، کۆچبەرکردنی زۆرەملێ

لە عەفرین کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکدایە، لە ماوەی هەفتەیەکدا خەڵکێکی زۆر ڕفێندران، هەروەها تاڵانکردن، وێرانکاری ، کۆچبەرکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەردەوامە.

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٨ عەفرینی داگیرکرد، ڕژیمێکی تیرۆریستی لە ناوچەکە دامەزراند. ڕفاندنی مرۆڤەکان، فیدیە، تاڵانکردن، ئەشکەنجە، کوشتن، گۆڕینی دیمۆگرافیا بۆتە رەفتاری ڕۆژانە لە عەفرین.

 پلانی نیشتەجێکردنی یەک ملیۆن پەنابەری سووری لە هەرێمەکە وەک بەشێکی پڕۆژەی پاکتاوکردنی ئیتنیکی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە جێبەجێ دەکرێت.  کوردان بە ستەم و کۆمەڵکوژی لە شوێن و خاکی خۆیان کۆچبەر بوون و بنەماڵەی چەتە و پەنابەرانی خۆیان کە لە تورکیا گیراون لە شوێنیان  نیشتەجێ دەکرێن.

 بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی هاوار، لە ماوەی هەفتەیەکدا ٤٣ پەنابەری دیکە لە ئەستەنبوڵەوە دیپۆرتکرانەوە و لە دەروازەی سنووری حەما لەناحیەی جەندریسەی عەفرین ڕەوانەی کانتۆنەکە کرانەوە.

لەهەمان چوارچێوەی تاوانەکاندا، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ دەستی کردبوو بە بونیادنانی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی داگیرکاری، ئێستە تەواوی کردووە و دەکەوێتە گوندی سندیانکێ لە شارۆچکەی جەندریسەی عەفرین.

 بەپێی سەرچاوەکە، ٥٠ یەکەی نیشتەجێ بوون لەخۆ دەگرێت، کە خێزانەکانی چەتەکانی "ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆر" تێیدا نیشتەجێ دەکرێن.

 بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیکە لە کانتۆنی عەفرین، هەواڵگریی "پۆلیسی مەدەنی" سەر بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، کاتێک ٢ هاووڵاتی لە عەزازی داگیرکراو دەگەڕانەوە بۆ عەفرین دەڕفێنێت. هەواڵگری لە بەرامبەر ئازادکردنیان داوای 10 هەزار دۆلاری لەبنەماڵەکانیان کردووە.

 ناوی ڕفێنراوەکان؛  جەمیل حیکمەت جەعفەر لە گوندی مامیلۆ ناوچەی ڕاجۆ و عەدنان عومەر لە گوندی شۆربە لە ناوچەی مابەتا و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

سەربازانی دەوڵەتی تورک کاتێ هاووڵاتیان دەیانویست لە سنوورەکانی تورکیا تێپەڕن ، ٧٠ هاووڵاتییان ڕفاند و ڕادەستی چەتەکانی بەناو "تیکوشین دژی قاچاخچێتی'' لە کانتۆنی عەفرین کرانەوە بە لیرەی تورکی سزایان بەسەردا سەپاندوون.

 سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرای کرد، کەسێک لە گوندەواری باشووری حەلەب لەبەرامبەر ئەوەی هاووڵاتییەکی عەفرینی لە ماڵەکەی خۆی نیشتەجێیە هەزار و 500 دۆلاری بەسەردا سەپاندووە.

 هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکرد، کەسێک لە ماڵی هاوڵاتییەکی عەفرینی نیشتەجێ بووە، دوایی هەموو شتێکی ناو ماڵەکەی دزیوە.