گەلی عامودا یادی ٢٥ شەهیدیان بەرزڕاگرت

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان و گەلی شارۆچکەی عامودا یادی ٢٥ شەهیدیان بەرزڕاگرت کە لە ساڵ و شوێنی جیاواز شەهیدبوون.

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شارۆچکەی عامودا مەراسیمێکیان ڕێکخست لە گۆڕستانی شەهید ئیسماعیل، بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی هەپەگە و یەپەگە و یەپەژە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە مانگی ئایاردا لە شوێن و ساڵی جیاواز شەهیدبوون.

لە مەراسیمەکەدا کەسوکاری شەهیدان و گەلی شارۆچکەکە و دەوروبەری، ئەندامانی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەندامانی پەیەدە و کۆنگرەی ستار و نوێنەرانی دامەزراوە سەربازییەکان بەشداربوون.

پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، هاوسەرۆکی بنەماڵەی شەهیدان لە شارۆچکەی عامودا، زێوەر سلێمان باسی بەهای شەهیدبوون و شەهیدان کرد، ستایشی فیداکاری و ڕۆڵی شەهیدانی کرد لە پاراستنی ئاسایش و ئارامیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

زێوەر سلێمان گوتی: «وشەکان بەرامبەر وەسفکردنی شەهیدان و تێکۆشانەکەیان کەم دەهێنن، بۆیە پێویستە درێژە بە ڕێگەکەیان بدەین و دەسکەوتەکان بپارێزین، لەڕێگەی یەکخستنەوەی ڕیزەکان بەگوێرەی ڕێبازی برایەتی گەلان کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێشنیاری دەکات بۆ گەلانی میزۆپۆتامیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین».

لەنێو هەلهەلەی دایکان، زێوەر بەڵێنی بۆ هەمووان دووپاتکردەوە، تێکۆشان بەگوڕتر دەبێت تا بەدیهاتنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئازادی گەلی هەرێمە.

پاشان، ناسنامەی هەر ٢٥ شەهیدەکە لەلایەن ئەندامی بنەماڵەی شەهیدان، ئارین خەڵەفەوە خوێنرایەوە.

بە درووشمی «شەهید نامرن» و هەلهەلەی دایکان، مەراسیمەکە کۆتایی هات.

هـ . ب