گەلی دەیرەزۆر هەڕەشەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد شەرمەزار دەکەن

گەلی دەیرەزۆر خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست بۆ شەرمەزارکردنی هەڕەشەکانی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دووپاتی دەکەنەوە تێکۆشان بەتینتر دەکەن لەپێناو ئازادی جەستەیی.

ئەمڕۆ مەجلیسی مەدەنی دەیرەزۆر، خۆپیشاندانێکی ڕێکخست بۆ شەرمەزارکردنی نامە هەڕەشەئامێزەکانی داگیرکەری تورک بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تێیدا هاوڵاتییان و ئەندامی پارتەکان و دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان بەشداربوون.

خۆپیشاندانەکە لەبەردەم مەجلیسی مەدەنی دەیرەزۆر لە ناوچەی ٧ کیلۆ دەستیپێکرد، خۆپیشاندەران وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردەوە و بە شەقامەکاندا گەڕان، لەگەڵ گوتنەوەی درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بڕوخێ دەوڵەتی داگیرکەری تورک" و "بڕوخێ پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی"، تا گەیشتنە چوارڕیانی مەعامل.

پاشان خۆپیشاندانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایی، پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، جێگری هاوسەرۆکی مەجلیسی دەیرەزۆر، فەتحی عەتیش گوتی: "ئەمڕۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەین دژی سیاسەتی سیستەماتیکی دەوڵەتی تورک دژی ڕێبەر و بیرمەندی نێونەتەوەیی عەبدوڵا ئۆجالان".

هەروەها بانگەوازی کرد "هەموو دەوڵەتانی جیهان، دژی ئەم دەوڵەتە فاشیستە بوەستنەوە و گۆشەگیری سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بشکێنن، توندترین سزا بسەپێنن بەسەر دەوڵەتی فاشیستی تورک. پێویستە هەموو مافپەروەران و پێکهاتەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، دژی دوڵەتی تورک بوەستنەوە، لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەن پەیوەست بە پێشێلکارییەکان دژی ڕێبەری مەزنمان عەبدوڵا ئۆجالان".