گەلی حەسەکە و شەدادی یادی ٨٤ شەهید بەرزڕادەگرن

گەلی حەسەکە و شەدادی یادی ٨٤ شەهیدیان بەرزڕاگرت کە لە مانگی حوزەیران لە شوێن و ساڵی جیاواز شەهیدبوون.

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی حەسەکە و سەرێکانی، مەراسیمێکیان ڕێکخست بۆ یادکردنەوەی ٨٤ شەڕڤانی هەسەدە و یەپەگە و یەپەژە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دیسپلینی سەربازی و تەڤگەری ئازادی کوردستان، کە لە مانگی حوەزیران لە شوێن و ساڵی جیاواز شەهیدبوون، لەنێویاندا شەهید زیلان (زەینەب کیناجی) لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٧ ساڵیادی شەهیدبوونی.

مەراسیمەکە لە هۆڵی ڕەشۆ لە گەڕەکی مەشرەفە لە حەسەکە بەڕێوەچوو، بنەماڵەی شەهیدان بەشداربوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی حەسەکە، خەلیل عومەر، ستایشی قوربانیدانی شەهیدانی کرد و گوتی: "ئەگەر قوربانیدانی شەهیدان نەبوایە ئەم دەسکەوتانەی شۆڕشی ڕۆژئاوا نەدەبوون". دووپاتی کردەوە: "هێرشەکانی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانمان، ناتوانێت کاریگەری بکاتە سەر خۆڕاگری و ئیرادەمان لە درێژەدان بە تێکۆشان تا بەدیهاتنی سەرکەوتن و ئازادی".

لای خۆیەوە، فەرماندەی مەجلیسی سەربازی حەسەکە، ئالان حەسەکە، یادی هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ یوسرا دەروێش و جێگرەکەی لێمان شوێش و شەهید زیلانی کردەوە کە چالاکییەکی فیداکاری دژی داگیرکەری تورک لە دێرسیم شەهیدبوو.

دووپاتی کردەوە: "لەپێناو زیندووڕاگرتنی گیانی شەهیدان پێویستە تێکۆشان مەزنتر بکرێت دژی هێرشەکانی داگیرکەر و شکستهێنان بە پیلانەکانی".

پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، بەرائەت ساڵەح نامەی شەهید زیلانی خوێندەوە کە پێش ئەنجامدانی چالاکییە فیداکارییەکەی نوسیویەتی.

مەراسیمەکە بە پیشاندانی سینڤیزیۆنێک بە وێنەی شەهیدانی حوزەیران کۆتایی هات لەگەڵ گوتنەوەی دروشمی ستایشکردنی فیداکاری شەهیدان.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، کۆنگرەی ستار لە شارۆچکەی شەدادی، ئەمڕۆ مەراسیمێکی ڕێکخست بۆ یادکردنەوەی شەهید زیلان کە لە چالاکییەکی فیداکاری دژی داگیرکەری تورک لە دێرسیم لە ساڵی ١٩٩٦ شەهیدبوو.

مەراسیمەکە لە هۆڵی ئازادی سەر بە مەجلیسی شارۆچکەی شەدادی بەڕێوەچوو، دەیان ئەندامی کۆنگرەی ستار و دامەزراوە مەدەنییەکان ئامادەی بوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان دەستیپێکرد، پاشان بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە شەدادی، ئەمیرە سەعد، باسی لە فیداکارییەکەی زیلان کرد دژی داگیرکەری تورک.

دووپاتی کردەوە: "شەهید زیلان بە بوێری و فیداکارییەکەی بوو بە کانی ئازادی و سەکۆی قارەمانێتی و فیداکاری لە مێژووی تێکۆشانی کورد دژی داگیرکەری تورک".

بەڵێندرا بە درێژەدان بە تێکۆشانی زیلان تا گەیشتن بە ئازادی ژنان.

پاش وتەکان، ئەمیرە سەعد، نامەی شەهید زیلانی خوێندەوە کە پێش شەهیدبوونی پێشکەشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کردبوو.

مەراسیمەکە بە پێشکەشکردنی سینڤیزیۆنێک دەربارەی ژیانی شەهید زیلان کۆتایی هات.