گەلی ڕەقە بەشداربوون لە مەراسیمی سەرەخۆشی شەهید موسا حەماد

گەلی ڕەقە سەرەخۆشی خۆیان گەیاند بنەماڵەی شەڕڤانی هەسەدە (موسا حەماد) کە لە ١٠ ی ئاب لە عەین عیسا شەهید بوو.

مەراسیمەکە لەبەردەم ماڵەکەی لە گەڕەکی دەرعیە لە ڕۆژئاوای شاری ڕەقە بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی دەیان کەس لە گەلی ڕەقە و ئەندامانی مەجلیسی سەربازی و مەدەنی و یاسادانان.

شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، سەردار (موسا حەماد)، لەمیانی ئەرکەکەیدا لە ١٠ ی ئاب، لە شارۆچکەی عەین عیسا شەهید بوو.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە ڕەقە، ئەحمەد حەمود، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد. دواتر بەناوی دامەزراوەی کاروباری ئایینییەوە، ئەندامی دامەزراوەکە، عەلی ساڵەح، گوتی: "نازانم، پیرۆزباییتان لێ بکەم یان سەرەخۆشی، هەردووکیان هەڵدەبژێرم، بۆ ئەم دنیا سەرەخۆشی لەدەستدانی کوڕەکەتان لێ دەکەم، بۆ ڕۆژی دوایی پیرۆزبایی گەیشتنی کوڕەکەتان دەکەم بەم پلەیە، کە پلەی شەهیدبوونە".

پاشان جێگری دەستەی سەرۆکایەتی مەجلیسی یاسادانی ڕەقە، محەمەد ئەبو حەبال، گوتی: " بەبۆنەی لەدەستدانی ئەم قارەمانە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید و خۆمان و هەسەدە دەکەین، پیرۆزبایی شەهیدبوونی دەکەین لەپێناو پاراستنی شکۆی ئەم وڵاتە و شکۆ و گیانی ئێمە".

لای خۆیەوە، عەلی حەماد، مامی شەهید، سوپاسی گەلی شاری ڕەقەی کرد و گوتی: "ئەگەر ئەم قوربانیدانە نەبووایە، پێکەوە لێرە کۆنەدەبووینەوە، سەرەخۆشی لە خۆمان دەکەین بە لەدەستدانی ڕۆڵەکەمان، کە خۆی کردە قوربانی تاوەکو ئەم وڵاتە بە ئازادی و شکۆوە بژی".