گەمارۆکانی حکومەتی دیمەشق نەخۆشانی گورچیلە هیوابڕاو دەکات

بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی دیمەشق بۆ سەر کانتۆنی شەهبا، ناوەندی شوشتنی گورچیلە کە هەفتانە پێشوازی لە نزیکەی ١٥ نەخۆش دەکات، نزیکبۆتەوە لە وەستان.

لە ١٨ ی ئاداری ٢٠١٨ ـەوە، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق، بە سەرپەرشتی فیرقەی چوارەم، گەمارۆیەکی توندی سەپاندووە بەسەر کانتۆنی شەهبا کە زیاتر لە ١٥٠ هەزار کۆچبەر دەگرێتەخۆ، بەهۆی گەمارۆکەوە زیانێکی زۆر کەوتۆتەوە، ئەمەش گەورەترین کاریگەری هەبووە لەسەر کاری ناوەندە تەندروستییەکان.

دەستەی تەندروستی لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا، ناوەندێکی تەندروستیان بۆ نەخۆشانی گورچیلە لە ناوچەی تەل ڕەفعەت لە شەهبا کردەوە، ئەم ناوەندە هەفتانە نزیکەی ١٥ نەخۆش ڕووی تێدەکەن، بەڵام ئەگەر گەمارۆکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەوا ڕەوشی نەخۆشەکان کارەساتبار دەبێت.

کەرەستە پێویستەکان بۆ ناوەندی نەخۆشەکانی گورچیلە ڕووی لە کەمبوونە، بەربەستەکانی حکومەتی دیمەشق ڕێگە نادات بە گەیشتنی کەرەستە پێویستەکان؛ لەپاڵ ئەوەشدا، ئەگەر بەشی دەرمانی شوشتنی گورچیلە نەبێت، ئەوا شوشتنی گورچیلەش نابێت، لەم حاڵەتەشدا، ڕێژەی پۆتاسیۆم لە خوێندا زیاد دەکات و دەبێتە هۆی وەستانی دڵ.

نەخۆشەکان مانگانە لانیکەم پێویستیان بە دوو بوتڵ خوێنە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خوێنەی لەکاتی «شوشتنی گورچیلە» بەفیڕۆچووە، لەگەڵ دەرزی ئیپۆتین کە ئێستا لە شەهبا دەستناکەوێت.

سەبارەت بەوە، نەخۆشێک بەناوی یوسف محەمەد لە ناوچەی ماباتا لە عەفرینی داگیرکراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەوە ٣ ساڵە گیرۆدەی ئەم نەخۆشیەیە و گوتی: «بەهۆی کەمیی کەرەستەی شوشتنی گورچیلەوە، ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبینەوە، ئەگەر هەفتانە گورچیلەمان نەشۆین، توشی تەنگەنەفەسی دەبین، لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە هەفتەی دوو جار گورچیلەمان بشۆین، بەڵام بەهۆی گەمارۆکەوە کراوە بە هەفتەی یەک جار».

هەروەها عەبدولڕەحمان موحەمەد کە خەڵکی عەفرینە و ئێستا لە گوندی بابینس سەر بە شارۆچکەی ئەحداس لە شەهبا دەژی، گوتی: «ئەوە ٣ ساڵە گیرۆدەی نەخۆشییەکە بووم و ٨ مانگە گورچیلەکانم دەشۆم، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبمەوە، هەفتەی دوو جار گورچیلەکانم دەشۆم. بەهۆی دواکەوتنی شوشتنی گورچیلەکانمەوە ڕەوشم زۆر خراپە، ئەوەش بەهۆی کەمی دەرمانەوە، لەبەرئەوەی ناوەندی شوشتنی گورچیلە لە ماڵەکەمەوە دوورە، بۆیە زەحمەتییەکانم چەند قات بووەتەوە، چونکە هەفتەی دوو جار دەچمە ناوەندی شوشتنی گورچیلە و هەر جارێک ١٥٠ هەزار ل. س. دەدەم بە کرێی ئۆتۆمبیل».

حکومەتی دیمەشق بەم گەمارۆیە، هیوای ژیانی نەخۆشەکانی گورچیلە دەکوژێت.

ف.ق