گەنجان لە هەرێمی فورات دژی گۆشەگیری ڕێپێوانیان کرد

گەنجانی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی فورات لە دژی گۆشەگیریی تووندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان کرد.

بە پێشەنگایەتی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی فورات، گەنجان لە کۆبانێ دژی گۆشەگیری کۆبوونەوە.

گروپێک لە گەنجان و کەسوکاری شەهیدان لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد بەرەو مەیدانی شەهید عەگید لە ڕێپێوانیان کرد و دژی خیانەت و گۆشەگیری و داگیرکاری دروشمیان وتەوە.

لە ڕێپێوانەکەدا وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شەهیدان بەرزکرابوونەوە.

دوای رێپێوانەکە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان بەڕێوەچوو و پاشان بە ناوی گەنجانی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ئۆجالان مەلا خەلیل ڕاگەیەندراوێکی پێشکەشکرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتبوو: "مێژووی کوردستان هەمیشە بە قارەمانێتی نووسراوە و چەندین شەهیدمان بەخشیوە. شەهیدان بەخوێنی خۆیان مێژوویان نووسیوەتەوە. ماوەیەکی زۆرە دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر چیاکانی کوردستان، بەڵام بەرامبەر بە بەرەنگاری و بەرخۆدانی گەریلا خۆی پێ ڕاناگیرێت و بەرگە ناگرێت. ئێمە وەک خوشک و برایانی گەریلا دەڵێین، کات کاتی ئازادییە، وەرن شەڕی ئازادییە".

لە دوای خوێندنەوەى ڕاگەیاندراوەکە و بە دەم وتنەوەى دروشمەوە کۆتایی بە چالاکییەکە هات.

ژ.ت