ئەحمەد حسۆ بەڕێوەبەری پارتی تەحەلوف، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی تل حاسڵ و تل ئەران کە لە ٢٨ی تەمموزی ٢٠١٣ لە لایەن جەبەهەت ئەلنوسرە و ئەحرار الشام و ٢١ گروپی چەتەی ترەوە ئەنجامدرا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد:
حسۆ وتی: "دەوڵەتی تورک ویستی لە ڕێگەی چەتەکانیەوە، ڕێگەی نێوان حەڵەب-عەفرین و کۆبانێدا ببڕێت. لە هەمان کاتدا نزیکەی ٣٠٠ گوند لە دەوروبەری سێ شارەکەدا هەن، لە یەکتریان داببڕن. بەداخەوە بە ناوی "سوپای ئازاد" هێرشیان دەستپێکرد. بەڵام لەژێر ناوی سوپای ئازاددا، چەندین گروپ و چەتەی تیرۆریستی کۆبوونەتەوە؛ واتە بەناوی سوپای ئازادەوە دەناسرێن. گەلەکەمان لەو کاتەدا بەرخۆدانێکی گەورەی کرد. لە کۆمەڵکوژییەکانی تل ئەران و تل حاسڵ دا، چل مرۆڤی ئازادیخوازمان شەهید بوون"
'گەنجەکانمان خۆیان لە بن چەتری یەپەگە/یەپەژەدا پەروەردە کردووە'
ئەحمەد حسۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی کە لەدژی تیرۆریستان و عەقڵییەتی فاشیست و گروپە بەناو ئیخوان موسلمین سەریان هەڵدا، کەوتنە بەر هێرشێکی توندتر و بەتایبەت لە تل ئەران و تل حاسڵ دا، هێرشەکە گۆڕا بۆ کۆمەڵکوژی، داعش لەو پرۆسانەدا بوونی نەبووە، بەڵام لە ژێر ناوی ئەلقاعیدە، بیلاد ئەلشام خۆیان دەناساند. دوای کۆمەڵکوژی تل ئەران و تل حاسڵ دا ناوی داعش بەکارهات. وەک لە سەرەتاوە وتم؛ ئەوەی بەرەنگاری ئەو هێرشانە بووەوە گەلی مەدەنی ئێمە بوون و بەرخۆدانێکی گەورەیان بەڕێوە برد. دوای ئەو هێرشانە گەلەکەمان زیاتر بەخۆیدا هاتەوە و لەوە تێگەیشتن کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەو ناوچانە داگیر بکات و یەک کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا نەمێنێتەوە.
هەروەها دەوڵەتی تورک ویستی بە هاوکاری چەتەکان گوند و شارۆچکەکان وێران بکات و کورد و عەرەب لەیەک جیا بکاتەوە و داگیری بکات یان لە ڕێگەی ئیخوان موسلمینەوە ئاسمیلەیان بکات.
حسۆ ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی هێرشە کۆمەڵکوژییەکانەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی لە عەفرین، حەڵەب، شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە هەڵاتن و وتی: "دوای ئەوەی هێزی ئێمە دامەزرا، زۆرێک لە کچ و کوڕەکانمان چەکیان هەڵگرت و بەشداری یەپەگە/یەپەژە بوون و ئێستا لە پەروەردەکانی یەپەگە/یەپەژە خۆیان ئامادە کردووە و بوون بە شۆڕشگێڕ. ئێستا دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچانە. بەڵام گەنجەکانمان ڕووبەڕووی هێرشەکان دەبنەوە و شکستیان پێدەهێنن. هەروەها بەڵێنیان داوە سوریا، عەفرین، گیرێ سپی، سەرێکانی، عەزاز، مارێ و ئیدلب ئازاد بکەن."
لەکۆتایی قسەکانیدا ئەحمەد حسۆ ئاماژەی بەوەدا کە یەکڕیزیی گەلان لە ناوچەکە دەبێتە هۆی سەرکەوتن و باسی لە گرنگی یەکێتی نێوانیانی کرد و وتی، بەهیوای ئەوەی وەک هێزی سیاسی و هێزی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ گەیشتن بە سوریایەکی دیموکراتیک و ئازاد بچینە ناو دیالۆگەکانەوە. ئێمە دەمانەوێت نەوەکانی داهاتوو بە ناسنامە، کولتوور و زمانی خۆیانەوە گەورە بن و لە ژینگەیەکی دیموکراتیک و ئازاد دا بژین."