گرووپی چەکداریی لیوای ئەحرار عێراق بنکەیەکی سەربازیی تورکیایان کردە ئامانج

گرووپی چەکداریی "بەرگری ئیسلامی لیوای ئەحراری عێراق" بەئامانج کردنی بنکەیەکی سەربازی دەوڵەتی تورکیایان لە پارێزگای دهۆک ڕاگەیاند.

 گرووپێکی چەکداریی عێراق بەناوی "لیوای ئەحراری عێراق" بە ئامانج گرتنی بنکەیەکی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا لە شارۆچکەی باتیفای سەر بە پارێزگای دهۆک ڕاگەیاند، بەپێی سەرچاوەکان، هێرشەکە لەڕیگەی دڕۆنەوە ئەنجامدراوە.

گرووپی "بەرگری ئیسلامی لیوای ئەحراری عێراق"، کە گرووپێکی چەکداریی نەناسراوە، لەسەر زاری حاجی ئەبو ئەحمەد، وتەبێژی گرووپەکەوە وتی: "ئەو دەرفەتە کۆتاییەی هاوئاهەنگییەکانی بەرگریی عێراقی بۆ هێزەکانی داگیرکاری لە عێراق رایگەیاندووە و پابەندبوونمان پێوەی راگەیاندووە، بەهیچ شێوەیەک هێزەکانی داگیرکاریی تورکیا ناگرێتەوە".

 ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڕۆژی چوارشەممە لەدژی هێزەکانی تورکیا کردەوەیەکیان هەبووە، ئەبو ئەحمەد بەبێ ئەوەی وردەکاری هێرشەکە و جۆری ئەو چەکانەی بەکارهاتوون ئاشکرا بکات، وتی: "بە رۆڵەکانی گەلی خۆشەویستی عێراق و ئومەتی ئیسلامی رادەگەیەنین، لە بەئامانجکردنی بنکەیەکی سەربازیی داگیرکاریی تورکیا لە باتیفا لە دهۆک سەرکەوتین، ئەویش دوای هەوڵێكی زۆری هەواڵگری".

ژ.ن