«گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان، ناتەبایە لەگەڵ خواستی مرۆڤ بۆ ئازادی»

پارێزەر خالد عومەرگۆشەگیرییەی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵسەنگاند و ووتی گۆشەگیریی بەزاندنی مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتی و پەیماننامە و عورفەکانە، لە جەوهەردا ناتەبایە لەگەڵ خواستی مرۆڤ بۆ ئازادی و شکۆمەندی.

پارێزەر خالد عومەرسەبارەت بە ئەو گۆشەگیرییەی داگیرکەری تورکیا دەیسەپێنێت دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قسەی کرد و ووتی: ناتەبایە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ، هەروەها دەچێتە چوارچێوەی ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەی زیاد لە بیست ساڵ پێش ئێستا لە دژی چنراوە.

خالد ئاماژەی بەوە کرد «لاپەڕەکانی مێژووی تورکیا لە مامەڵەکردنی لەگەڵ پرسی گەلان، لاپەڕەی ڕەشن و هیچ خاڵێکی سپی لەخۆناگرن. تۆمارەکەی پڕە لە سەرکوت و پێشێلکردنی گەلان و کوشتار. ئەو کوشتار و تۆقاندنە سیستەماتیکەی سەدان ساڵە دژی گەلی کورد و ئەرمەن و عەرەب پیادەکراوە، پێشتریش لە سەردەمی خەلافی عوسمانی بەڕێوەدەچوو، هێشتاش بەردەوامە. پیلانگێڕیی دژی گەلان، ڕێگرتن لە پێشڤەچوونیان بەرەو ژیانی ئازاد بەردەوامە، بۆیە لەپێناو درێژەدان بە پیلانگێڕیی دژی گەلان، قێزەونترین تیرۆر بەڕێوەدەبات دژی سیمبولی ئازادی و ئیلهامبەخشی گەلان ڕێبەر ئۆجالان، ئەو بیرمەندە ئەنتەرناسیۆنالەی کە دەسەڵاتی «داد و گەشەپێدان» دەیەوێت لە ناوچەی خۆی و لایەنگرانی دایبڕێت، لەڕێگەی سەپاندنی گۆشەگیرییەوە».

ڕوانگەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گۆڕاون بۆ شێوازی ژیان

هەروەک خالد عومەر دەڵێت «تورکیا لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، بەتایبەت پاش پەیماننامەی لۆزان، کوردەکان وەک تورکی شاخاویی دەبینێت، بەم ناو بەسەردا دابڕینە، دەیەوێت شوناسی کورد بسڕێتەوە، لەگەڵ هەر شتێک کە تام و بۆی کەلتووری کوردیی لێوە بێت، بۆیە ڕوویکردە گۆڕینی ناوی شار و گوندە کوردییەکان، گەلی کوردیشی ناچارکرد بە گۆڕینی ناویان بۆ ناوی تورکی».

ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی سیاسەتە تیرۆریستییەکانی تورکیاوە بەرامبەر گەل و جوگرافیای کوردستان، دەیان شۆڕشی کوردی هەڵگیرساوە، لەماوەی ئەم شۆڕشانەدا تورکیا هەزاران هاوڵاتی کوردی ڕاگواست و گوند و شارەکانی سووتاند، هەروەک سەرکردە کوردەکانی وەک شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای لەسێدارە دا.

گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ناتەبایە لەگەڵ خواستی مرۆڤ بۆ ئازادی

ئاماژە بەوە دەکات، گۆشەگیریی سەر بیرمەند و تێکۆشەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دەکرێت بەم جۆرە وەسف بکرێت و ئامانجەکانی لێکبدرێتەوە: هەوڵێکی نەژادپەرستانەی تۆرانی چەوسێنەرە دژی ئازادی گەلی کورد و بزووتنەوە کاراکەی لە مێژووی ناوچەکە و جیهاندا. ئەمە کینەیەکی زیادەڕۆیە، کینەیەکی نەخۆشانەیە دژی ڕێبەری گەلی کورد و بیرمەندی ئەنتەرناسیۆنال عەبدوڵا ئۆجالان کە سەرچاوەی ئازادییە بۆ گەلی کورد، تیۆریسیانی ئازادی و برایەتی گەلانە لە ناوچەکە و مێژووەکەیدا، هەروەک ئامانجی قووڵبوونەوەیەکی سیستەماتیکە لە سەقفی فەلسەفە و هزری ڕێبەرایەتی، لەڕێگەی سەپاندنی بەرتەسکییەک بۆ سەر دامەزرێنەر و داڕێژەرەکەی، واتە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

هەروەها عومەر ڕوونی دەکاتەوە: «ئامانج لە سیاسەتی گۆشەگیری، خوڵقاندنی ئاسەنگ و دژواری زیاترە لەبەردەم ئەزموونی هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کە بەرجەستەبوونێکی زیندووە بۆ خوێندنەوە و بۆچوونەکانی تێکۆشەر عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە پرسەکانی کۆمەڵگە و دەوڵەت و ئازادیی گەلان و دۆخی تایبەتی سووریا».

هەروەها ڕوونی دەکاتەوە، ئەم سیاسەتە هێشتا بەردەوامە چالاکییە تیرۆریستییەکانی دژی ڕێبەرە کوردەکان لە سەدەی بیست و یەکەمدا فۆرمێکی نوێی وەرگرتووە، ئەوەش لەڕێی سەپاندنی گۆشەگیری بۆ سەر ڕێبەری گەلانی ئازاد عەبدوڵا ئۆجالان، لە درێژەی قسەکانی دەڵێت: «پاش دەستبەسەکردنی لەلایەن تورکیاوە بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی، گۆشەگیرییەکی بەسەردا سەپاند  و ڕێگە نادات پەیوەندی بە پارێزەرەکانییەوە بکات، هێشتاش ئەم سیاسەتی گۆشەگیری و گەمارۆیە بۆ سەر کەسێتییەکەی بەردەوامە، ئەوەش وەک ترسێک لە هزر و فەلسەفە ڕزگاریخوازەکەی، پێی وایە، گەمارۆدانی لە زیندان مانای گەمارۆدانی هزری وییە، بەڵام نازانێت ڕێبەری گەلی کورد ئێستا سیمبولێکە بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە».

لەکۆتایی قسەکانی، پارێزەر خالد عومەر گوتی: «گۆشەگیریی سەپێنراوی سەر ڕێبەر بەزاندنی مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتی و پەیماننامە و عورفەکانە، لە جەوهەردا ناتەبایە لەگەڵ خواستی مرۆڤ بۆ ئازادی و شکۆمەندی».