'گوڕ بە تێکۆشان بدەن و رێبەر ئاپۆ ئازاد بکەن'

ئەندامی دەتەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە ئەوروپا چیچەک قامیشلۆ گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار دەکات و داوا لە گەلی کورد، ژنان و گەنجان دەکات کە گوڕ بە تێکۆشان بدەن و عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکەن.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە ئەوروپا چیچەک قامیشلۆ سەرنجی راکێشا بۆ سەر گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو نامە هەڕەشەئامێزانەی بۆی نێردراون و لەو بارەوە وتی، "دژوارە بتوانرێت سیستمی ئیمراڵی هەڵبسەنگێنین، لەبەر ئەوەی نمەنەی هاوشێوەی لە جیهاندا نییە. ناردنی نامەی هەڕەشەئامێز لەدژی رێبەر ئاپۆ لە هەمان کاتدا لە دژی هەموو مرۆڤایەتی و گەلە. لەبەر ئەوەی رێبەر ئاپۆ تەنیا رێبەری یەک گەل نییە، رێبەری گەلانە. نمونەیەکی لە رۆژئاوای کوردستان دەبینرێت، کە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەخۆ. لەبەر ئەوە دەبێت لە پێناو رێبەر ئاپۆدا تێکۆشانمان بەرفراوان بکەن".

' گۆشەگیری بەسەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگادا پەیڕەو دەکرێت'

چیچەک لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە تێکۆشانی گەلی کورد لەسەر بنەمای هزر و فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی، "بەر لە ماوەیەک هەڵمەتێک بە ناوی 'کات کاتی ئازادی رێبەر ئاپۆیە' دەستیپێکرابوو، لەو چوارچێوەدا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو چەندین چالاکی بەڕێوەچوون، بەڵام رەنگە ئەو چالاکیانە بەس نەبووبن، لەبەر ئەوەش دەبێت لە هەموو شوێنێک خەبات و هەڵمەتەکان نوێ بکرێنەوە. هەربۆیەش دەبێت هەموان بکەونەخۆ و خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ بکەن. ئەمڕۆ بە هەزاران کەس بە هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆوە پێشەنگایەتی شۆڕشێک دەکەن، ئەمەش بۆ دوژمن بووەتە کێشەی گەورە. هەربۆیە دەبێت ژنان و گەنجان ئاستی تێکۆشان و بەرخودانی خۆیان گەورەتر بکەن و ئازادی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەن. لەبر ئەوەی ئەو گۆشەگیریەی ئەمرۆ لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا بەڕێوەدەبرێت، لە دژی هەموو گەلانە".

 چیچەک ئەوەشی خستەڕوو کە لە جیهاندا هەموو شتێک لە کورد قەدەغەکراوە و بەم جۆرە بەردەوامبوو: "لەبەر ئەوەی گەلی کورد بەرخودانی دەکات، هەموو شتێکیان لێقەدەغەکراوە. هێرش. پاکتاوکاری و تاڵان لەسەر کورد بەڕێوەدەچێت. بە هەزاران کەس پەیام بۆ رێبەر ئاپۆ دەنێرن، بەڵام بە دەستی ناگەن، کەچی نامەی هەڕەشەئامێز زۆر بە ئاسانی دەگاتە دەستی. دوژمن بە درێژایی ٢٤ ساڵی رابردوو بەردەوام هەوڵیدا گەل و بزوتنەوە لە رێبەر ئاپۆ داببڕێت، بەڵام گەل بە پێچەوانەی ئەو خواستەی دوژمنەوە هەڵوێست دەگرێت".

'گوڕ بە تێکۆشان بدەن، رێبەر ئاپۆ ئازاد بکەن'

چیچەک قامیشلۆ داوای لەگەل و بەتایبەتی ژنان و گەنجان کرد کە ئاستی تێکۆشان گەورەتر بکەن و ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکەن و وتی، "دەبێت دوژمن بزانێت کە ئامانجەکانی نایەنەدی. لە مێژوودا هەموو کات لەسەر کوردان قڕکردن و سیاسەتی لەناوبردن پەیڕەو کرا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. هەربۆیە ئێمە داوا لەگەلی کورد، گەنجان و ژنان دەکەین کە بە تێکۆشانی خۆیان هێرشەکانی دوژمن پوچەڵ بکەنەوە و دیواری ئیمراڵی بڕوخێنن".

هـ . ب