"ڕێگەی سێیەم باشترین چەکە بۆ چارەسەری پرسی کورد"

بەشداربووانی دانیشتنی پێنجەمی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی پەیماننامەی لۆزان دووپاتیان کردەوە، پەیڕەوکردنی ڕێگەی سێیەم شکست بە هەموو پیلانگێڕیەکانی دژی کورد دەهێنێت.

کارەکانی دووەمین ڕۆژی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی پەیماننامەی لۆزان لە حەسەکە بەردەوامە بە ناونیشانی "لۆزان: ڕاستکردنەوە و پرسەکانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی".

لە دانیشتنی پێنجەم بەشداربووان تیشكیان خستەسەر ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی شەڕی کۆمەڵکوژکردنی کورد، دانیشتنەکە لەلایەن یاساناس و ئەندامی مەجلیسی دادی کۆمەڵایەتی هەرێمی جەزیرە، عەتیە یوسف بەڕێوەچوو.

نەورۆز ئویساڵ: لەپێناو بەستی کۆنگرەی کوردستان، پێویستە هەمووان ناکۆکییەکان بەلاوە بنێن

سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری هەدەپە، نەورۆز ئویساڵ لەڕێگەی بەرنامەی زوومەوە قسەی کرد، ئاماژەی کرد بە بایەخی بەستی کۆنگرەی کوردستانی، لەگەڵ یەکخستنی گوتاری سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازی، هەروەها ئاماژەی کرد بە ئەزموونی کۆبانێ وەک پارادایمی یەکڕیزی کورد و کاریگەرییە جیهانییەکەی.

هەروەها گوتی: :دەسکەوتەکانی کورد پێویستی بە یەکڕیزییە، بۆ نموونە، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەموو لایەنە کوردییەکان یەکیان گرت بۆ ڕزگارکردنی، کوردەکان پێویستیان بە یەکێتیی نەتەوەییە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان".

ڕوونی کردەوە، "گەلی کورد پێویستی بە کۆنگرەی کوردستانییە، هەر بەشێک دەبێت ناکۆکییەکانی بخاتە لاوە و کاربکات بۆ یەکڕیزی، پێویستمان بەم ڕوانگەیەیە لەپێناو گەیشتن بە یەکێتی نەتەوەیی و جڤاکی دیموکراتیک".

لای خۆیەوە، هاوسەرۆکی پەیەدە، ساڵح موسلیم، ئاماژەی کرد بەو ستراتیژەی دەبێت کورد لە سەدەی بیست و یەک پەیڕەوی بکات، گوتی: "بە ڕێکخستنی گەلەکەمان داخوازییەکانمان دێتەدی، دیاترین شکستی سەرهەڵدانە کوردییەکان بەدرێژایی مێژوو بەهۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی ڕێکخستن بووە".

موسلیم دووپاتی کردەوە، دەکرێت سود لە دیموکراسی دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپی وەربگیرێت، هەروەها تاکە چارەسەری پرسی کورد دیموکراسییە.

موسلیم ئاماژەی بەوە کرد: "سەرهەڵدانە مێژوویەکانی کورد شکستیان هێنا، چونکە یەکگرتوو و ڕێکخراو نەبوون نەیانتوانی ئامانج و بەرژەوەندییەکان بەدی بهێنن، یەکێتی کوردی واتە یەکێتی گەل و یەکێتی پارتەکان. پێویستە داخوازی و ئیرادەی گەل بەدی بێت، ئێمە باوەڕمان بە نەتەوەی دیموکراتکە، ناتوانین بە چەکی دەوڵەت_نەتەوە و شەڕ بگەینە ئازادی، دەبێت چەکێکی نوێ بئافرێنین، چەکی نەتەوەی دیموکراتیک".

لە دانیشتنەکەدا و لەڕێگەی بەرنامەی زوومەوە، هاوسەرۆکی هەدەپە مەدحەت سەنجار و جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئەدەنە تولای حاتیمئوگیولاری بەشداربوون، پیرۆزبایی بەستنی کۆنفرانسەکەیان کرد، هیوایان خواست ئەنجامی باشی هەبێت بۆ گەلی کورد و دۆزەکەی، دووپاتیان کردەوە، هێزە ئیمپریالیستەکان هێشتاش هەژموونیان لەسەر کورد دەسەپێنن، لە دژی ئەمە، کورد پێویستی بە سیستەمی کۆنفیدراڵییە.

بەشداربووان کۆدەنگ بوون لەسەر یەکڕیزی کورد بەرامبەر دوژمنان، هەروەها ستراتیژی کورد پێویستی بە یەکڕیزی کوردە لەپێناو پاراستنی دەسکەوتەکان.

وا بڕیارە لە بەردەوامی کارەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەیماننامەی لۆزان، گفتوگۆ بکرێت دەربارەی ئەنجامگیرییەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا پەیوەست بە پەیماننامەی لۆزان.