هێرشەکانی سەر منبج تێکشکێنران.. گوندەکانی تل تەمر بۆردومان دەکرێن

هێرشی بەرفراوانی زەمینی چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، کە شەوی ڕابردوو بۆسەر گوندەکانی باکووری ڕۆژئاوای منبج ئەنجامیان دا، تێکشکێندرا. لە لایەکی دیکەوە گوندەکانی باکور و ڕۆژئاوای تل تەمر بۆردومان دەکرێن.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، شەوی ڕابردوو چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشێکی زەمینی بەرفراوانیان بۆ سەر گوندەکانی عەرەب حەسەن، موحسنلی، توخار، ئوم عەدەسە و ئوم جلوود کە دەکەونە باکووری ڕۆژئاوای منبج ئەنجامداوە.

ھەر بە گوێرەی زانیارییەکان، شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازی منبج دەستبەجێ بەرپەرچی هێرشەکانیان داوتەوە و شەڕەکە تا بەرەبەیان بەردەوام بووە.

لە ئەنجامی شەڕەکەدا ژمارەیەکی زۆر چەتە کوژران، ھەروەھا دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆریش چەک و تەقەمەنیدا گیراوە و  هێرشی چەتەکان تێکشکێندراوە.

لە لایەکەی دیکەوە لە دوێنێوە گوندەکانی باکور و ڕۆژئاوای تل تەمر بە چڕی بۆردومان دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکان، گوندەکانی تەویلە، تل تەویل، ئاشورییە، تل جومعە، ئوم خەیر، تل گربەیت و گۆزەلیە لە ڕۆژئاوای شارەکە و گوندی دردارە لە باکووری شارەکە بە چەکی قورس و هاوەن بۆردومان دەکرێن.

ژ.ن