هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار کرا

ڕۆژنامەوانان لە قامیشلۆ گردبوونەوە بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕۆژنامەوانان.

بەرامبەر هێرشی سەر ڕۆژنامەوانان، یەکێتیی ڕاگەیاندنی ژن، بە بەشداری دەیان ڕۆژنامەنووس، لەبەردەم بارەگای کۆمیسەری کاروباری کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانی قامیشلۆ چالاکییەکی ئەنجامدا.

ئەندامی یەکێتیی ڕاگەیاندنی ژن، ئەڤین ئیبراهیم، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا، هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکە شەرمەزارکرا و گوترا: "لە دەسپێکی شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە، هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکە بەردەوامە. بێگومان ئەوانەی هێرش و تاوانەکانی داگیرکەران دەخەنەڕوو، ڕۆژنامەوانەکانن، بۆیە ڕۆژنامەوانەکان دەکرێنە ئامانج".

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، هێرشی سەر ئۆتۆمبیلەکەی ژن تی ڤی لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ_عامودا، کە تێیدا نەجمەدین فەیسەڵ شەهید و ڕۆژنامەوان دەلیلە عەگید بریندار بوو، درێژکراوەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، بانگەواز لە لایەنە نێونەتەوەییەکان کراوە، ڕۆژنامەوانان لە هێرشەکان بپارێزن.

هاوسەرۆکی یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد، دلیار جەزیری، ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی تورک ڕۆژنامەوانان دەکاتە ئامانج، تاوەکو تاوان و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی لە هەرێمەکە بشارێتەوە و گوتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆژنامەوان عیسام عەبدوڵای کردە ئامانج، کە ڕووماڵی بۆمبارانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی دەکرد بۆ سەر گوندی تەقل بەقل. لە سەرێکانی ڕۆژنامەوان سەعد ئەحمەد و چەند ڕۆژنامەوانێکی تری کردە ئامانج".

لە درێژەدا گوتی: "وەک ڕۆژنامەوانان، درێژە بە ڕێگەی هەڤاڵە شەهیدەکانمان دەدەین، تاوان و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ جیهان دەگوازینەوە. بانگەواز لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پاراستنی مافی ڕۆژنامەوانان دەکەین، بەرامبەر ئەم هێرشانە، هەڵوێستی خۆیان دیاری بکەن و بەپەلە ڕۆڵ بگێڕن".