هەسەدە دوو چەتەی داعشی دەستگیرکرد

یەکینە تایبەتەکانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) توانیان دوو چەتەی داعش لە مەنبەج دەستگیر بکەن.

بەگوێرەی هەواڵێکی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئەم دوو چەتەیە بە هاوکاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستگیرکراون، بەشداربوون لە چەندین هێرشی تیرۆریستی.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدە، یەکێک لە چەتەکان بەناوی ماجد محەمەد هیلال، لە ساڵی ٢٠١٦ پەیوەندی کردووە بە داعشەوە و چەندین ئەرکی بۆ ڕێکخراوەکە بەجێ گەیاندووە، تا ئازادکردنی دوایین مۆڵگەی داعش لە باغۆز ئەم چەتەیە لە ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە ماوەتەوە و پاشان هەڵهاتووە، بۆ ماوەیەکی شاردۆتەوە تا کاتی دەستگیرکردنی.

چەتەکەی تر بەناوی حوسێن حەسەن شەریف، لە ساڵی ٢٠١٦ چۆتە ڕیزەکانی داعش و لە نووسینگەی زەکات کاری کردووە، پاش ڕزگارکردنی مەنبەج لەلایەن مەجلیسی سەربازی مەنبەجەوە توانی لەوێ هەڵبێت، تا کاتی دەستگیرکردنی بە نهێنی کاری لەگەڵ داعش کردووە.