هەسەدە: هێزەکانمان گرنگی بە پرسەکانی دەرەوەی سوریا نادەن

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، ئەو هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە بەشداری شەڕڤانەکانی دەکەن لە شەڕی ئۆکرانیا، دووپاتی دەکاتەوە ئەوان گرنگی بە پرسەکانی دەرەوەی سوریا نادەن.

ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەو هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە باس لە بەشداری شەڕڤانەکانی دەکەن لە شەڕی ئۆکرانیادا، تێیدا هاتووە:

"هەندێک دەزگای چاپەمەنی، هەواڵی جودا و ناڕاست بڵاودەکەنەوە سەبارەت بە بەشداری شەڕڤانەکانمان لە شەڕی ئۆکرانیادا، دووپاتی دەکەینەوە، ئەم هەواڵانە بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستییەوە، چەند لایەنێکی ئاشکرا و هەرزان ئەم هەواڵانە بڵاودەکەنەوە.

ئەم جووڵە بانگەشە بۆ کراوانە، یەکناگرێتەوە لەگەڵ ئەولەویەتە نیشتیمانییەکانی هەسەدە بۆ پاراستنی هەرێمەکە و دانیشتووانەکەی، هێزەکانمان گرنگی ناداتە پرسەکانی دەرەوەی سوریا".