هەسەدە لە گوندەواری دەیرەزۆر ئۆپەراسیۆنێکی دژی داعش دەستپێکرد
هەسەدە بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە مەبەستی ڕاوەدونانی شانەکانی داعش ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش"ی دەستپێکرد.
هەسەدە بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە مەبەستی ڕاوەدونانی شانەکانی داعش ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش"ی دەستپێکرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) سەبارەت بە دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بە ڕەچاوکردنی ئەو كردەوە تیرۆریستیانەی لەناوچەی دەیرەزۆر دەكرێن بۆ بە ئامانجگرتنی دانیشتوانی سڤیل و كەسایەتییەكانی ناوچەكە و هێزە ئەمنییەكان، لەلایەن چەتەکانی داعش و لەسەر بنەمای هەوڵی بەردەوام لە نێوان فەرماندەیی گشتی هێزەكانمان و كەسایەتییە دیار و شێخەكانی هۆزەكان كە دوایینیان كۆبوونەوەكانی ئەم دواییە و ڕاسپاردە و داواكارییەكان بوون، ئۆپەراسیۆنێک دەستیپێكردووە، ئەوەش بۆ وشككردنی سەرچاوەی چەتەکان لەو سنوورە. لەسەر ئەم بناغەیە و لە چوارچێوەی بەجێهێنانی ئەرکە سەربازی و نەتەوەی ئەخلاقییەکان، هێزەكانمان لە ئەمڕۆ یەکشەممە، لەكاتژمێر هەشتی ئەمشەوەوە، بە پاڵپشتی هێزەكانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی، ئۆپەراسیۆنی پتەوکردنی ئاسایشیان لە ڕۆژهەڵاتی فورات، بە تایبەتی لە ناوچەی دەیرزۆر دەستپێكرد.
ئەم ئۆپەراسیۆنە درێژكراوەی ئۆپەراسیۆنەكانی پێشووی جەزیرە و هەرێمی ڕەقەیە، كە ئامانج لێی نەهێشتنی پاشماوەی شانەكانی ڕێكخراوی چەتەکانی داعش و ڕێگریكردنە لە ئۆپەراسیۆنەكانە چاوەڕوانکراوەکانیان، لەگەڵ ڕاوەدونانی ئەو تاوانبارانەی ناحەقیان بەرامبەر خەڵکی سڤیل ئەنجامداوە. لەگەڵ ڕاونانی ئەو قاچاخچیانەی بازرگانی بە بژێوی خەڵکەوە دەکەن.
ئەم ئۆپەراسیۆنە یەكێكە لە قۆناغە پێشكەوتووەكانی تێکۆشانی هاوبەش كە هێزەكانمان بە پاڵپشتی هێزەكانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژ بە داعش سەرپەرشتی دەكەن و تا بەدیهاتنی ئامانجەکان، بەردەوام دەبێت.
هێزەکانی بەشداری ئەم ئۆپەراسیۆنە کاردەکەن بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری هاوشان لەگەڵ ئیدارە سڤیلەکان و ڕیشسپیانی هەرێمەکە و پشتبەست بە هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە مەترسی شانە تیرۆریستیەکان و کەسانی تاوانبار. هەروەها هێزە بەشدارەکان پاشەکشە ناکەن لە بەجێهێنانی ئەرکەکان و بە مستێکی ئاسنین گورز لە تیرۆریست و بکوژان و هاوکارانیان دەوەشێنن"