هەسەدە ناسنامەی شەهیدێکی بڵاوکردەوە

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، ناسنامەی شەهیدێکی بڵاوکردەوە، کە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەی لە ناوچەی سەعدە لە شەدادی شەهیدبووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە شەهیدبوونی شەڕڤانێکی بەناوی سەخەر لە هەرێمی شەدادی. تێیدا هاتووە:

"هێزەکانمان، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، بەردەوامن لە هەڵمەتە سەربازییەکان و ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان دژی داعشی تیرۆریست، بەهۆیەوە دەیان ئەندام و فەرماندەی ڕێکخراوەکە دەستگیرکراون. داعش هێشتاش مەترسییە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

دوێنێ، چوار شەممە، ئەوکاتەی ئۆتۆمبیلێکی سەربازیمان چەند شەڕڤانێکی هەڵگرتبوو بۆ ئەرکێک لە ناوچەی "سەعدە" لە شەدادی، لەلایەن کەسانی نەناسراوە درایە بەر دەستڕێژی گولە، بەهۆیەوە هاوڕێی شەڕڤانمان "سەخەر/ نەسار مەعیوف سەلجی" بەهۆی سەختی برینەکەی شەهید بوو.

هاوڕێی شەهیدمان "سەخەر" هاتە ڕیزی هێزەکانمانەوە تاوەکو ئەرکەکەی بەرامبەر گەلەکەی بەجێ بهێنێت، تا گەلەکەی بپارێزێت لەو هەڕەشانەی دەبنە مەترسی بۆ سەر ئارامی و ئاسایش، لە پێکدادان و شەڕەکاندا دژی داعش قارەمانێتی و فیداکارییەکی مەزنی پیشاندا، نموونەی شەڕڤانی بەرخۆدەری ڕۆژە سەختەکان بوو، ئەمەش لەپاڵ ڕۆحی هاوڕێیەتی و عەشقی بۆ کارەکەی و تێکۆشان لەگەڵ هاوڕێکانی و ئەنجامدانی ئەرکەکان بە لەخۆبووردوویی و دڵسۆزییەوە.

ناسنامەی شەهید بەم جۆرەیە:

ناسناو: سەخەر

ناو و پاشناو: نەسار مەعیوف سەلجی

ناوی دایک: حسە

ناوی باوک: مەعیوف

شوێن و کاتی لەدایکبوون: دەیرەزۆر_ سەبیخان / ١٩٨٥

شوێن و کاتی شەهیدبوون:سەعدە_ شەدادی، ٢/ئابی ٢٠٢٣.