هەسەدە شانەیەکی داعش هەڵدەوەشێنێتەوە

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان توانیان شانەیەکی چەتەکانی داعش لە گوندەواری دەیرەزۆری ڕۆژهەڵات هەڵوەشێنێتەوە.

لە ڕاگەیاندراوی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە هاتووە: "لە چوارچێوە ڕاوەدونانی پاشماوەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی «داعش» و زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکاندا، یەکینە تایبەتەکانی هێزەکەمان، هێزەکانی سوریا دیموکراتیک، بە پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دوێنی توانیان ئۆپەراسیۆنێک لە گوندەواری دەیرەزۆری ڕۆژهەڵات ئەنجام بدەن، ئۆپەراسیۆنەکە شانەیەکی نوێی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەی کردە ئامانج".

بەگوێرەی ناوەندەکە، لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەدا "یەکینەکان هەستان بە گەمارۆدانی شوێنی مانەوەی ئەندامەکەی داعش لە شارۆچکەی بەسیرە، لە گوندەواری دەیرەزۆری ڕۆژهەڵات، پاشان داوایان لێ کرد بێتە دەرێ و خۆی ڕادەست بکات، دواتر دەستگیر کرا".

ناوەندەکە ئاشکرای کرد: "یەکینەکان، پاش پشکنینی شوێنی تیرۆریستەکە، توانیان بەڵگەی چالاکییەکان و پەیوەندیکردنی بە داعشەوە بدۆزنەوە".

هەسەدە دووپاتی کردەوە، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکان دژی چەتەکانی داعش بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی و رایگەیاندووە: «لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها ڕیشەکێشکردنی شانەکانی داعش و پوچەڵکردنەوەی پلانە تیرۆریستییەکانیان».

هـ . ب