'هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بە زۆر ئاینی کەسەکان بگۆڕێت'

شێخ محێدین عەلی لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕابیتەی ئەهلی بەیت باسی لە زۆرداری و سەرکوتکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین کرد، کە بە زۆر ئیسلامێتی بەسەر ئێزیدییەکاندا دەسەپێنێت و ڕایگەیاند، ئەو جۆرە کردەوانە دژی ئیسلامێتییە.

شێخ محێدین عەلی لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕابیتەی ئەهلی بەیت سەبارەت بە گۆڕانی دیمۆگرافی لە عەفرین و پاکتاوکاری و جینۆسایدی دەوڵەتی تورک لە عەفرین بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

شێخ محێدین عەلی ڕایگەیاند، کردەوەکانی دەوڵەتی تورک دژی ئایینە و وتی، "هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بەزۆر ئایینی کەسێک، یان کۆمەڵێک بگۆڕێت. پێویستە چاکە لە دڵی هەموو کەسێکدا هەبێت، ئەمە ئیسلامی ڕاستەقینەیە."

شێخ محێدین عەلی ڕاشیگەیاند، خودا دەڵێت، 'زوڵم نەکە'، دەبێت خۆشەویستی لە دڵی باوەڕداراندا هەبێت و وتی: "نابێت درەختە بە تەمەنە چەندین ساڵانەکان ببڕدرێنەوە، تاڵان بکرێن و لەناوببرێن."

شێخ محێدین عەلی وتیشی، "هەموو ڕۆژێک هێرش دەکرێتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. لە عەفرین درەختەکان دەبڕدرێنەوە، دەیانەوێت عەفرین لە ڕاستیی خۆی دووربخەنەوە و لە نەریتە دێرین و ڕەسەنەکەی خۆی دووری بخەونەوە. هەروەها دەیانەوێت ئایین و باوەڕەکانی خەڵک بە زەبری هێز و زۆرەملێ بگۆڕن. ئەمەش دژی ئیسلامێتییە".

ژ.ت