هەزاران خەڵکی هەرێمی فورات هاتنە گۆڕەپانەکان

هەزاران خەڵکی هەرێمی فورات لە ساڵیادی شۆڕشی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە درووشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو شۆڕشی ژن" هاتنە گۆڕەپانەکان.

ساڵێک بەسەر کوشتنی کچە کورد ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تێپەڕی.

هەزاران خەڵکی هەرێمی فورات، بۆ ساڵیادی کوشتنی ژینی ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاق و سڵاوکردن لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هاتنە گۆڕەپانەکان. ڕێپێوان لە گۆڕەپانی شەهید عەگید دەستی پێ کرد تا گۆڕەپانی ژنی ئازاد بەردەوام بوو.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن، ژیان دەروێش، بەڕێوەبەری دەستەی ژنانی هەرێمی فورات، گوتی: "هەموو ژنێک لە جڤاکدا ڕووبەڕووی قڕکردن بۆتەوە. لە مێژووەوە تا ئێستا ژنان لە دژی پیاوسالاری وەستانەتەوە، بەڵام دەبوونە ئامانجی دەوڵەتەکان و لەناودەچوون. بۆ نموونە، ژینا ئەمینی کوژرا، بەو پاساوەی قژی دەرکەوتووە. بەناوی ئیسلامەوە دەیانویست ژن لەناو جلەکانیاندا بخنکێنن. بەڵام ڕێبەر ئاپۆ ژیانێکی نوێی بە ژن بەخشی و ژنی گەڕاندەوە بۆ جەوهەری ٥ هەزار ساڵەی خۆی. ئێستە ژن بووەتە پێشەنگ و سەرکردایەتی شۆڕشەکان دەکات. بەم شێوەیە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆتە هێمای ژنی ئازاد".

دوای وتارەکە، ڕێپێوانەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.