هەزاران ژن لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هاتنە گۆڕەپانەکان

لە سەرانسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەزاران ژن هاتنە گۆڕەپانەکان و ژینا ئەمینیان بیرهێنایەوە، سڵاویان لە ساڵیادی بەرخۆدان کرد.

لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، چالاکی ئەنجامدرا.

حەسەکە

لە حەسەکە دەیان ژن لە بەردەم ناوەندی کۆنگرەی ستار لە گەڕەکی ناسیرە کۆبوونەوە. ژنان پانکارتیان  هەڵگرتبوو لەسەری نووسرابوو "بە ئیرادەی ژنی ئازاد داگیرکاری دەبەزێنین"، ئاڵای کۆنگرەی ستار و وێنەی ژینا ئەمینی بەرزکرایەوە.

ئەندامی کۆنگرەی ستار لە حەسەکە، هەڵەبجە حوسێن، بەم شێوەیە قسەی کرد: "سیستەمە باڵادەستەکان هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ژنان دەدەن. شەهید ژینا ئەمینی بوو بە نموونەی ژنی ئازاد. جگە لەوەش دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی'' بوو بە دروشمی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان بۆ ئازادی خۆیان و شکاندنی زیهنیەتی باوکسالاری".

چالاکییەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.

تەل تەمر

لە ناوچەی تەل تەمری کانتۆنی حەسەکە، کۆنگرەی ستار لە پارکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان چالاکییەکی سازکرد. ئەندامی کۆنگرەکە زەهرا ئەمین ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەو تاوانانەی دژ بە ژنان ئەنجام دەدرێن، شەرمەزار کران و بانگەوازی ڕێکخراوە یاساییەکان کرا کۆتایی بەو تاوانانە بهێنن و دادپەروەری بۆ قوربانیان بهێنن.

مەجلیسی ژنانی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی تل تەمر لە هەمان شوێن چالاکییەکی سازکرد و ئەندامی مەجلیس نورا عەبدولقادر ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

نورا عەبدولقادر ئاماژەی بەوەشکرد، شۆڕشی ژنان تەنها پەیوەندی بە پرسی حیجابەوە نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرس و مافەکانی مرۆڤی گەلێکەوە کە ڕژێمێکی فاشیست لە ڕێگەی ئایینەوە پێشێلی دەکات.

ئەنجوومەنی کۆنگرەی ستاری ناوچەی شەدادی سەر بە کانتۆنی حەسەکە لە بەردەم ناوەندەکەی چالاکییەکیان ئەنجامدا و ئەندامی کۆنگرەی ستار ئومەیە حەجوب ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

ئومەیە تاوانەکانی گرتن و کوشتنی بەرانبەر بە ژنان شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، ژنان دەکەنە ئامانج لەپێناو شکاندنی ئیرادەیان و بێدەنگکردنیان. گرتنی ئەو ڕۆژنامەوانەی مەراسیمی ژینا ئەمینی ڕووماڵ دەکرد، نموونەی ئەمەیە. سەرەڕای کردەوەی دڕندانە دژی ژنان , بە تایبەت گەلی ئێران، ژنان هێشتا لە دژی ڕژێمی دەسەڵاتدار شەڕ دەکەن.

لە کۆتاییدا درووشمی دڵسۆزی بۆ شەهیدان و سڵاوکردن لە شۆڕشی  "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

حەلەب

لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب، کۆنگرەی ستار بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێپێوانێکی ئەنجامدا. ئەندام و بەڕێوەبەرانی دامەزاوە مەدەنییەکان و سەدان کەس بەشداربوون.

لە ڕێپێوانەکە وێنەی ژینا ئەمینی و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای کۆنگرەی ستار بەرزکرایەوە. ئەندامی بەشی پەیوەندییەکانی ناوەندی توێژینەوەی ژنۆلۆژی، ڕۆژیان حوسێن قسەی کرد، کوشتنی ژینا ئەمینی شەرمەزار کرد و گوتی: "سڵاو لە هیز و بوێری ژینا ئەمینی دەکەین بۆ شکاندنی کۆتوبەندی سەر ژنان".

ڕۆژیان پشتگیری خۆی بۆ شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، درووشمەکە لە تەواوی جیهاندا بڵاوبۆتەوە، ئێستە لە ئەفغانستان و سوید بەرزدەکرێتەوە.

ڕەقە

لە شاری ڕەقە سەدان ژن بە ڕێپێوانێک یادی ژینا ئەمینییان کردەوە و سڵاویان لە سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد.

ڕێپێوانەکە لە بەردەم بارەگای مەجلیسی دیوانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەستی پێکرد و لە گۆڕەپانی ژینا ئازاد وەستا. لە ڕێپێوانەکەدا دروشمی "بژی بەرخۆدانی ژنی ئازاد"، "بڕوخێت ڕژێمی فاشیستی تورک" و "بە گیان، بە خوێن، لەگەڵتین ئەی شەهید" بەرزکرانەوە.

بەڕێوەبەری مەجلیسی ڕەقەی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک، ڕیم ئیدریس، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بە گوشارەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران کرد و ڕایگەیاند، پێویستە ژنان تێکۆشانیان دژی سیستەمی دەسەڵاتی باوکسالاری بەهێزتر دەکەن.

تەبقە

مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا لە تەبقە، لەبەردەم پارکی شەهید هەڤرین خەڵەف بەرەو بارەگای مەجلیس ڕێپێوانیان کرد.

ئەندامی بەڕێوەبەری مەجلیسەکە، سەمیرە حەبەش، گوتی: " لە سایەی پێداگری ژنان، ئەم شۆڕشە تا ئێستاش بەردەوامە و بۆ بەشێکی زۆری ئێرانیش تەشەنەی کردووە. هەوڵی سەرکەوتن دەدەن بۆ ئەوەی بچنە ناو لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی".

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی'' کۆتایی هات.

مەنبەج

مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا و یەکێتی ژنانی گەنجی مەنبەج ڕێپێوانێکی جەماوەریان ئەنجامدا. سەدان خەڵکی شارەکە و ئەندامانی ئیدارەی سڤیلیی دیموکراتیکی مەنبەج، کۆمیتە گرێدراوەکانی، پارتە سیاسییەکان، مەجلیسە سڤیلەکان، ڕێکخراوەکانی جڤاکی سڤیل، کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، یەکێتی ژنانی گەنج، شێخ و ڕیش‌سپیانی عەشیرەتەکان بەشداربوون. بەشداران وێنەی ژینا ئەمینی و پانکارتی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە.

ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، ڕوەیدا حەنزەل، گوتی: " ئێمە دەنگی خۆمان بۆ دەنگی بەرخۆدانی ژنان لە هەموو جیهان و بەرخۆدانی گەورەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرز دەکەینەوە، چونکە ژنان داستانی  قارەمانانە و قوربانییان ئەنجام داوە".

ئەندامی یەکێتیی ژنانی گەنج، ماریا دادە، گوتی: "ئەمڕۆ ژینا ئەمینی یاد دەکەینەوە، کە دەوڵەتی ئێران بە ناوی داب و نەریت و کۆنەپەرستی لەپێشچاوی جیهان کوشتی".

ماریا بەڵێنی دا بە بەرزکردنەوەی تێکۆشان و بەرخۆدان بۆ گەیشتن بە ئازادی ژنان بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی''.

ڕێپێوانەکە بە درووشمەکانی سڵاوکردن لە بەرخۆدانی ژنان کۆتایی هات.