هێزەکانی ڕزگاری عەفرین ئاماری چالاکییەکانی لە ماوەی مانگێکدا بڵاوکردەوە.. ١١ داگیرکەر کوژران

هێزەکانی ڕزگاری عەفرین ئاماری چالاکییەکانی دژی داگیرکەرانی دەوڵەتی تورک لە نێوان ٩ی ئاب بۆ ٥ی ئەیلول بڵاوکردەوە، کە بە پێی ئامارەکە لەو ماوەیەدا لانیکەم ١١ داگیرکەر کوژراون.

هێزەکانی ڕزگاری عەفرین لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ھاوڵاتیانی مەدەنی و لە چوارچێوەی سیاسەتی شەڕی تایبەتیاندا، دیمۆگرافیای عەفرینی داگیرکراو دەگۆڕن. هێزەکانمان لە بەرامبەر ئەو کردەوە داگیرکارییانە بێ ھەڵوێست نین و لە ناوچە جیاجیاکان، ژمارەیەکی زۆر چالاکیی وەڵامدانەوەیان ئەنجامداوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا لە بارەی چالاکییەکان ئەم زانیاریانە خراوەتەڕوو:

"٩ی ئاب، هێزەکانمان لە ناوچەی مارع، ئۆتۆمبێلێکی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان تێکشکاند.

١٢ی ئاب، لە گوندی مەریەمەین سەر بە ناوچەی شەرا، لە ئەنجامی چالاکییەکی نیشانەشکێنی هێزەکانماندا، چەتەیەک کوژرا.

١٤ی ئاب، لە ناوچەی باب لە ئەنجامی چالاکییەک کە لە دژی ئۆتۆمبێلێک ئەنجامدرا، ٤ چەتە کوژران و ٣ چەتەش برینداربوون.

١٦ی ئاب، لە بەرەی شێراوا چالاکییەکی نیشانەشکێنی ئەنجامدرا و چەتەیەک کوژرا. هەمان ڕۆژ و لە ھەمان گۆڕەپاندا چالاکیەکی دیکە ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا ٢ چەتە کوژران و چەتەیەکش بریندار بوو.

٢٥ی ئاب، لە بەرەی ناوچەی شەرا لە چالاکییەکدا چەتەیەک کوژرا، هەروەها ئامێرێکی کاریش تێکشکێندرا.

٢ی ئەیلول، لە ئەنجامی چالاکییەکی نیشانەشکێنی لە بەرەی شەرا، چەتەیەک کوژرا.

٥ی ئەیلول لە گوندی کبێشین-ی سەر بە ناوچەی شێراوا لە چالاکییەکی نیشانەشکێنیدا چەتەیەک کوژرا".

ژ.ن