هێزی ئاسمانی رووسیا هێرشی کردە سەر ئیدلب: لانیکەم ٧ کەس کوژران

روانگەی سوریی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە هێزی ئاسمانی رووسیا لە ئیدلب هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامداوە و بەهۆیەوە لانیکەم ٧ کەس کوژراون.

بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رامی عەبدولرەحمان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس رایگەیاند، کە هێرشە ئاسمانیەکە لە جسرەئلشغور ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە ٤ مەدەنی و ٣ ئەندامی گروپە چەتەکان کوژراون.

راگەیەندرا کە لە هێرشەکەدا کە رۆژی یەکشەممە ئەنجامدراوە ٢٥ مەدەنیش برینداربوون.

رووسیا پشتیوانی سەرەکی حکومەتی دیمەشقە، ساڵی ٢٠١٥ راستەوخۆ بەشداری لە شەڕی سوریادا کرد.

ناوچەی ئیدلب بەشێوەیەکی بەرفراوان لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەستەی تەحریر شامدایە کە سەر بە قاعیدەیە. لە ناوچەکە هەندێک گروپی چەتەی دیکەش بوونیان هەیە و دوڵەتی تورک پشتیوانی لە سەرجەمیان دەکات.

هـ . ب