«جەنگی ئازادی سەربخەن»

هاوسەرۆکی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ لە مەنبەج و دەوروبەری، ئەحمەد ئەلجەمیلی ڕایگەیاند، ئامانج لە هەڵمەتی «جەنگی ئازادی سەربخەن»، پشتیوانیکردنە لە تێکۆشانی ئازادی دژی فاشیزم و پیلانگێڕانی سەر هزری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

ئەمڕۆ، تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا لە شاری مەنبەج و دەوروبەری، هەڵمەتێکیان ڕاگەیاند بە ناونیشانی «بە گیان و ئیرادەی گەنجانی شۆڕشگێڕ، جەنگی ئازادی سەربخەن»، مەشخەڵیان هەڵگرت و لە فولکەی میزانی شارەکەوە بە ڕێپێوان گەیشتنە بارەگای تەڤگەرەکە لە ناوەندی شارەکە.

سەبارەت بە بابەتەکە، هاوسەرۆکی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ لە مەنبەج و دەوروبەری، ئەحمەد ئەلجەمیلی بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند: «ئامانجی هەڵمەتەکە تێکۆشانە دژی فاشیزمی تورکی، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک هەڵمەت و چالاکی و ڕێپێوان دژی فاشیزم و پیلانگێڕانی نەیاری هەرێمەکە و هزری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و گەریلا».

هەروەها ئەلجەمیلی گوتی: «ئێمە وەک تەڤگەرەکە بە هزری ڕێبەر ئۆجالان دەژین و لەسەر ئەو بناغەیە تێدەکۆشین. ئێمە ڕوومان کردۆتە هەڵمەتەکە، چونکە سەرکەوتنی تێدا دەبینین. هەڵمەتەکە تەنها لە مەنبەج قەتیس نابێت، بەڵکو بڵاودەبێتەوە لەسەر ئاستی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەموو ئەو شوێنانەی ڕێبازی نەتەوەی دیموکراتیک تێیدا دەژی».

ئەلجەمیلی لەکۆتاییدا گوتی: «لەڕێگەی هەڵمەتەکانمانەوە، دژی فاشیزمی تورکی بەرخۆدان دەکەین و دەگەینە ئامانجەکەمان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان».

ف.ق