جەنەراڵ ئەلیکتریکی ئەمریکی: "لەعێراق ١٣هەزار مێگاوات کارەبا بەفیڕۆ دەچێت"

کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلکتریکی ئەمریکی بواری وزە رایگەیاند: "ساڵانە بڕی ١٨ ملیار مەتری چوارگۆشە غاز لەعێراق بەبێ سوود دەسووتێت بەمەش ١٣هەزار مێگاوات کارەبا بەفیڕۆ دەچێت".

کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلکتریکی ئەمریکی کە کۆمپانیایەکی جیهانیە لەبواری وزە کاردەکات ڕایگەیاند، ئەو غازەی لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق دەسوتێت و سوودی لێوەرناگیرێت دەتوانرێت کارەبای ١٠ ملیۆن ماڵی لە عێراق پێ دابین بکرێت کە ڕێژەکەی دەگاتە ١٣ هەزار مێگاوات.

 ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە ئاماژەی ئاشکراشی کردووە، بەرهەمهێنانی کارەبا لەغازەکە جگە لەوەی بەرهەمی کارەبا زیاد دەکات هەروەها دەبێتە هۆی سوود گەیاندن بە ژینگەی عێراق لەپیسبوون کە بەهۆی سووتانی غازەکەوە هەوا و ژینگە پیس دەبێت.

 مەدحەت مورەعەبی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ڕایدەگەینێت: "ئەو ژمارانەی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن ساڵانە بڕی ١٨ ملیار مەتری چوارگۆشە غاز لەعێراق بەبێ سوود دەسووتێت کە ئەگەر سوودی لێوەربگیردرێت دەتوانرێت بڕی ١٣ هەزار مێگاوات کارەبای لێ بەرهەم بهێنرێت کە بەشی ١٠ هەزار ماڵ لە عێراق دەکات".

 جیگای باسە، دوێنێ چوارشەممە، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلیکتریک بەهەمان مەبەست و هاوکاری عێراق لە بوارە جیاجیاکانی وزە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە.

هـ . ب