کارەکانی یەکەمین ڕۆژی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی پەیماننامەی لۆزان کۆتایی هات

کارەکانی یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا بەوە کۆتایی هات، یاسا نێودەوڵەتییەکان نەیانتوانی کورد بپارێزن و ئەم ڕێچکەیەی کوردەکان دەیگرنەبەر دەکرێت بۆ ئاستێکی تر بەرزبکرێتەوە لەپێناو دەسکەوتی نوێ.

کارەکانی یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا کۆتایی هات، کە لە سەرلەبەیانییەوە بە بەناونیشانی "لۆزان: ڕاستکردنەوە و پرسی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی" دەستیپێکرد.

دانیشتنی سێیەم و کۆتایی ئەمڕۆ لەلایەن مامۆستای زانکۆی ڕۆژئاوا سورگوڵ عەبدولسەلام بەڕێوەچوو، سەرەتا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و دووپاتی کردەوە "ئەو سیستەمی کۆیلایەتییەی دژی گەلی کورد و جوگرافیاکەی پیادەکراوە، بەدرێژایی مێژوو لەلایەن زلهێزەکان و داگیرکەرانی کوردستانەوە فراوانتر بووە".

تەوەری یەکەم لەلایەن بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی ڕۆژئاوا، مونزیر شیار پێشکەشکرا، ئاماژەی کرد بە سیاسەتی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و نەتەوەپەرستی و کۆچی زۆرەملێ.

لە تەوەرەکەیدا، ئاماژەی کرد بە سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان و گوتی: "ئەم سیاسەتانە لەخۆوە پەیدا نەبوون، دژی گەلی کوردی خاوەن مێژووی دێرین چێنراون، چاندەکەی ڕووبەڕووی چەوسانەوە بۆتەوە، چوار دەوڵەتەکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان سیاسەتێکی قێزەونیان پیادەکردووە، سەد ساڵ ئەم دەوڵەتانە ئەم پێکهاتەیان چەوساندەوە و ویستیان پاکتاوی بکەن، بەتایبەت دەوڵەتی تورک کە قێزەونترین سیاسەت دژی گەلی کورد پیادە دەکات".

هەروەها ڕوونی کردەوە: "کاتێک دەڕوانینە مێژوو، دەردەکەوێت ئەم هێزانە یەکیان گرتووە بۆ پاکتاوی کورد، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی هاودەنگن لەسەر ئەوەی کورد نەگاتە مافەکانی، بۆ پاکتاوی کورد سودیان لە ئەزموونی دەوڵەتانی پێش خۆیان وەرگرت، ئەم دەوڵەتانە هێزیان لە پەیماننامەی لۆزان وەرگرت و دەستووریان بۆ پێکهات بۆ بەردەوامیدا بەم ڕێچکە قێزەونە، بەمەش دەوڵەت لەسەر بنەمای هزری نەتەوەپەرستی دامەزرا".

بەهەمانشێوە ئاماژەی کرد بە سیاسەتی کۆچی زۆرەملێی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە و گوتی: "زۆربەی کوردەکان بە زمانی خۆیان نادوێن، سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە، کوردەکان لە ماڵی خۆیان دەرکراون و زمانی تورکی بەسەریاندا سەپێنراوە، لەگەڵ فەرامۆشکردنی ناوچە کوردییەکان لەڕووی ئابووری و خزمەتگوزارییەوە و گرنگیدان بە ناوچە تورکییەکان و جێبەجێکردنی سیاسەتی تورکاندنی کورد، ئەم سیاسەتە سەرەتا لە تورکیا دەستیپێکرد و تورکیا ڕۆڵی گەورەی هەبوو لەم سیاسەتە لە دەوڵەتانی تر".

سیامەند موعینی: یاسا نێودەوڵەتییەکان کوردیان نەپاراست

لای خۆیەوە، هاوسەرۆکی پەژاک، سیامەند موعینی لە تەوەرەکەی خۆیدا باسی لە بزووتنەوەی کورد کرد لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، گوتی: "پەیماننامەی لۆزان قڕکردنی کۆمەڵێک نەتەوە و دانپیانانە بە کۆمەڵێک نەتەوەی تر، لۆزان سەلماندی، تەنها تورکەکان وەک مسوڵمان و ناموسڵمان مافیان هەیە، ئەتاتورک نکۆڵی لە نەتەوەکانی تر کرد و تابلۆی سەد ساڵی هەرێمەکەی کێشا، ئێستەش تورکیا لەم سیاسەتە بەردەوامە، لە عەفرین و قەندیل هەمان سیاسەتی کۆمەڵکوژی پەیڕەو دەکات".

هەروەها گوتی: یاسای نێودەوڵەتی کوردی نەپاراست، ئێمە ئەمڕۆ داوای ئەم مافانە دەکەین، چونکە لۆزان پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە و پێشێلکارییە بەرامبەر کورد، بەڵام بێدەنگی نێودەوڵەتی لە ئێستەدا بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانە بەردەوامە، پاش ئەم پەیماننامەیە چەندین سەرهەڵدان دەرکەوتن، بەڵام هەمووان چاو لە مافی کورد دەپۆشن و پرسی کورد بە بێ بایەخ دەزانن".

موعینی ئاماژەی بەوە کرد، "دەوڵەتی تورک لە هەموو هەنگاوێکدا دەیەوێت هەبوونی کورد بسڕێتەوە، بۆ ڕێگری لەم پەیماننامەیە و هاوشێوەکانی، دەبێت تێکۆشانەکانمان بگەیەنین بە ترۆپک، دەبێت هەموو هێزە ئازادیخوازەکان یەکبگرن و کۆمەڵەیەکی هاوبەش لە چوار پارچەی کوردستان پێکبێت دژی لۆزان، ئەمەش تاکە چارەسەرە".

موعینی جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەستنی کۆنگرەی کوردستان بۆ پاراستنی هەموو هێزە کوردییەکان و بەرژەوەندییەکانی کورد، دەبێت پارتە کوردییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان تێکۆشان یەکبخەن.

لای خۆیەوە، مامۆستای زانکۆی ڕۆژئاوا، سیپان ئیسماعیل، باسی لە "پەیماننامەی لۆزان و کاریگەرییە سیاسی و ئابووری و کەلتووری و جڤاکییەکانی لەسەر گەلی کورد" کرد، گوتی: "لۆزان کوردستانی کردە چوار پارچە، کاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر هەرێمەلە لەڕووی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و جڤاکییەوە، ئەمەی ئێستە ڕوودەدات پرسی کورد دڕکاوی دەکات".

ئیسماعیل گوتی: "هەمووان دەزانن چیتر کورد بێ هێز و ئیرادە نین، ئێستە خاوەنی هێز و دامەزراوەی بەهێزن، خاوەنی پرۆژەی دیموکراتیکن و کێشە هەڵواسراوەکانی پێ چارەسەر دەکەن".

ئیسماعیل ئاماژەی کرد بە دەرئەنجامی بەشدارییەکان و گوتی: "شەڕ نابێتە چارەسەری پرسەکان، بەتایبەت پرسی کورد، شەڕ کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر واقیعی ژیانی گەلان، بە پەرەپێدانی ڕێبازی کوردەکان دەکرێت دەسکەوتی مەزنتر هەبن".

لەکۆتاییدا گوتی: لێرەوە، دووپاتی دەکەینەوە، تەنها بە ئاشتی پرۆژە دیموکراتیکەکان پێشدەکەون و بەربەستەکانی بەردەم کورد و دۆزە ڕەواکەی لادەچن".

کارەکانی ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی کۆتایی هات، بڕیارە سبەی دانیشتنەکان بەردەوام بن.