کۆبوونەوەى لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بۆ سوریا لە جنێڤ بەبێ کورد هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە

کۆبوونەوەکانی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سوریا بەسەرۆکایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەبێ بانگهێشتکردنی کوردان، دووبارە شکستی هێنا و هیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتەوە.

ڕۆژی ٢١ی ئازار کۆبوونەوەی کۆمیتەی دەستووری سوریا لە شاری جنێڤی سویسرا بە سەرۆکایەتی گیر پێدێرسن نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا بەڕێوەچوو. حەوتەمین خولی کۆبوونەوەکان کۆتایی هات. شاندەکە لە ٤٥ ئەندام پێکدێت و ڕژێم،  ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گرووپەکانی 'ئۆپۆزسیۆن' بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ باسی 'ناسنامەی دەوڵەت' و 'هێماکانی دەوڵەت'' و 'بنەماکانی ئیدارە و بەڕێوەبردنی دەوڵەت' و 'دروستکردنی میکانیزمی دەوڵەت' قسەیان کرد، بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە جارێکی تر شکستی هێنا و نەگەیشتە ئەنجام.

بڕیاربوو دوای کۆبوونەوەکەش ئەحمەد کوزباری نوێنەری شاندی ڕژێم و هادی ئەلباهرای نوێنەری ئۆپۆزسیۆن، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەش ئەنجام بدەن، بەڵام بەبێ خستنەڕووی هۆکارێک کۆبوونەوەکە کۆتایی پێهات.

هەروەها پێدرسن راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، کە لایەنەکان لەسەر ڕەشنووسی دەستوور ڕازی نەبوون.

داوا لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا نەکراوە، کە بەشداری لە نووسینەوەى دەستووردا بکات، کە سەدا ٣٢ی خاکی سوریای لە کۆنترۆڵ دایە.

لە کۆتا خولی ٦ی نوسینەوەى دەستووردا، کە لە رۆژنی ١٨-٢١ی  تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا بەڕێوەچوو، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا گیر پێدرسن ڕایگەیاند، تا ئێستا گفتوگۆکان بەسوود نەبوون.

ژ.ت