کۆچبەرانی عەفرین جەخت لە بەرخۆدانیان دەکەنەوە

زینەڵ نازم و لەیلا موحەمەد_ی عەفرینی بە هۆی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچار بە کۆچبەری بوون و جەختییان لە بەرخۆدانیان کردەوە لە دژی پلانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی.

بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە کە لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکانی سوریا لە ٢٩ی تشرینی دووەم لەسەر شەهبا و تل ڕەفعەت هاتنە ئاراوە، گەلانی هەرێمەکە ناچار بە سەرلەنوێ کۆچبەریی بوونەوە. وێڕایی هەموو سەختییەکان گەل ڕوویان کردە ناوچە ئارامەکانی ئیدارەی خۆبەڕیی. زەینەڵ نازم و لەیلا موحەمەد کە دوو کۆچبەری عەفرینین، باسیان لە هێرشە سەختەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کرد و جەختییان کردەوە لەوەی  بە هەموو شێوەیەک لە بەرخۆدانیان بەردەوام دەبن لە دژی ئەو هێرشانە.

نازمی کۆچبەر باسی ژیانی پێشوییانی کرد لە عەفرین کە لە ژیانێکی ئاساییدا هەمووان لە پێکەوە ژیان بوون، تا ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری تورک بە عەقڵێتی دژە کوردانەیی خۆییەوە بە هەموو دڕندایەتییەکەوە لە دوای ٥٨ ڕۆژ لە بەرخۆدانی گەل، عەفرینی داگیرکرد و خەڵکی عەفرین کۆچی شەهبایان کرد.

'هێرشەکان لەسەر شەهبایش بەردەوام بوو'

نازم ئاماژەی بەوەدا لە دوایی ئەوەی عەفرین داگیرکرا بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە کامپی ئاوارەییدا لە شەهبا ژیانیان کرد و ئەمەی وت: "وێڕای داگیرکردنی عەفرین، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر شەهبا بەردەوام بوو. بەم دوایانەش دیسانەوە ناچار بووین شەهبا جێبهێڵین و بێینە ئێرە. بە پێشوازیکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ژیانداین."

سەختییەکانی ڕێگە و ژیانی کۆچبەری

لە قسەکانییدا نازم باسی لە سەختی ڕێگە و ژیانی کۆچبەری کرد، بەتایبەت لە وەرزی سەرماوسۆڵەی زستاندا و وتی: "بەربەرچاوی خۆمەوە منداڵ و بەتەمەنەکان گیانیان لەدەستدا. بەڕاستی ناتوانرێت بە قسە باس لە گەورەی کارەساتەکە بکرێت."

دایکە لەیلا موحەمەد باسی لە ژیانی ئەوکاتەی عەفرینی داگیرکراوییان کرد، کە ژیانێکی ئاسایی پێکەوەژیان بووە، بەڵام بەهۆیی هێرشە دڕندایەتییەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە شارەکەیان دەرکەوتن و بوون بە کۆچبەر لە شەهبا و وتی: "ماوەی شەش ساڵ لە شەهبا ماینەوە، ئەو ماوەیەش بەبەردەوامی لەژێر هێرشدا بووین. بەڵام ئەوەتا دیسانەوە بووینەوە بە کۆچبەر و ئێستا لێرەین."

'بە بەرخۆدانمان ئازادی عەفرین بەدەست دێنینەوە'

ئەو دایکە کۆچبەرە وێڕایی سەختی ژیانییان بە ئیرادەوە باسی لە خۆڕاگری خۆیان کرد و وتی: "بەپێی توانا گەل و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە هەموو شێوەیەک لێرەدا هاوکاریی دەکرێین. سەختییەکان تێپەڕ دەکەین؛ ژیانی خۆمان و خێزانەکانمان پاراست، بەڵام هێشتا دووچاریی پەرتەوازیی بووینەوە. نزیکەی ٢٠ خێزان ڕوومان لێرە کرد. بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە تەبقاوە بەڕێوەبووین. دواتر هاتینە قامیشلۆ. گەلەکەمان هاوسۆزمان بوون و دەرگای ماڵەکانیان بەڕووماندا کردەوە. گەل بە بەردەوام بوون لە بەرخۆدان ئازاد دەبێت، بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک دەگەڕێینەوە و ئازادی عەفرین دەبینین."