کۆچبەرانی عەفرین جەژنی زمانی کوردی پیرۆز دەکەن

کۆچبەرانی عەفرین بەبۆنەی ڕۆژی زمانی کوردییەوە ئاهەنگیان گێڕا، جەختیان کردەوە لە پاراستن و بەرگریکردن لە زمانی کوردی.

بە بۆنەی ١٥ ی ئایار، ڕۆژی زمانی کوردی، دەستەی پەروەردە و فێرکردن لە کانتۆنی شەهبا و عەفرین، لە گۆڕەپانی کەمپی سەردەم لە گوندی تەل سەوسەن ئاهەنگێکی سازکرد، سەدان خوێندکار و مامۆستا و نوێنەرانی دەستە و دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەشداری ئاهەنگەکە بوون، لە گۆڕەپانەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وێنەی شەهیدان بەرزکرایەوە.

ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردن، زەلوخ بەکر گوتەیەکی پێشکەش کرد، تێیدا ڕۆژی زمانی کوردی پیرۆزکرد، یادی ئەو شەهیدانەی کردەوە کە لەپێناو زیندووکردنەوەی زمانی کوردی تێکۆشان.

هەروەها ئاماژەی کرد بە تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەڕێگەی بەئامانجگرتنی قوتابخانەکان و بڵاوکردنەوەی ترس لە دڵی خوێندکارانی گوندەکانی نزیک هێڵەکانی بەریەککەوتن، هاوشان لەگەڵ ئەو گەمارۆ ناڕەوایەی حکومەتی دیمەشق دەیسەپێنێت بەسەر کانتۆنی شەهبا، لەگەڵ ڕێگریکردن لە گەیشتنی کتێب و پێداویستی قوتابخانە بۆ شەهبا، وەک هەوڵێک بۆ سڕینەوەی شوناسی گەلان و لەناوبردنی زمانی دایک.

زەلوخ ئاشکرای کرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عەفرین دەخوازێت زیهنیەتی تۆرانی لەنێو دانیشتووان بڵاوبکاتەوە و ناچاریان بکات بە فێربوونی زمانی تورکی، لەگەڵ قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان.

لە کۆتایی قسەکانی زەلوخ جەختی کردەوە لەسەر درێژەدان بە ڕێگەی ئەو شەهیدانەی گیانیان کردە قوربانی بۆ زیندووکردنەوەی زمانی کوردی و فێربوونی زمانی دایک، بۆ تێکۆشان دژی هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان کە دەخوازن شوناسی کوردی بسڕنەوە.

لە ئاهەنگەکەدا چەندین بڕگەی گۆرانی و شیعر پێشکەش کران، لەگەڵ نمایشێکی شانۆیی سەبارەت بە گرنگی فێربوونی زمانی کوردی، پاشان ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی شۆڕشگێڕی کۆتایی هات.

ف.ق