خەڵکی حەلەب بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد ڕێپێوانیان کرد

سەدان دانیشتووی حەلەب بە داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان کرد.

ڕێپێوان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد

بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری ئیمراڵی و بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، مەجلیسی ژنانی بنەماڵەی شەهیدانی گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

دانیشتووان لەبەردەم ناوەندی گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا لە ڕۆژئاوای گەڕەکی شێخ مەقسوود کۆبوونەوە، وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان و مەجلیسی ژنانیان بەرزکردەوە، تا گەڕەکی ئەشرەفیە ڕێپێوانیان کرد.

لە چوارڕیانی زەیتون ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە، لەسەر ناوی مەجلیسی ژنان و مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، هاوسەرۆکی ماڵی ئیزدی حەلەب ڕوشەن موسا و ئەندامی مەجلیسی ژنانی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان عەواش چاوش قسەیان کرد.

قسەکەران تیشکیان خستەسەر ئەوەی دەوڵەتی تورک سیاسەتی نکۆڵی و گۆشەگیری درێژە پێ دەدات و ناهێڵێت پارێزەران و بنەماڵە چاویان بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێت.

دووپاتیان کردەوە، دەوڵەتی تورک بە سەپاندنی سزای دیسپلین، پێوەر و یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات.

هەروەها پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان وەک کلیلی چارەسەری کێشەکانی هەرێمەکە و جیهان پێناسە کرد.

قسەکەران "خیانەتی بنەماڵەی بارزانی" و هاوکاری پەدەکەیان بۆ دەوڵەتی تورک لە شەڕی دژی گەریلا لە باشووری کوردستان شەرمەزار کرد، جەختیان کردەوە ئەمە درێژەدانە بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی ڕامانەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.