خەڵکی کۆبانێ: بە بەردیش بێت دژی داگیرکەر ڕادەپەڕين

خەڵکی هەرێمی فورات کە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاپەڕین، سوربوونی خۆیان ڕادەگەیەنن سەبارەت بەم بەرخۆدانە و دەڵێن: "ئەگەر بە بەردیش بێت دژی داگیرکەر ڕادەپەڕین".

بەم دواییانە، ناوچەکانی عەفرین و کانتۆنی شەهبا و گوندەواری کۆبانێ و مەنبەج و شەهبا و حەسەکە و قامیشلۆ بە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان و تۆپی داگیرکەر بۆردومان کران، لەم بارەیەوە، بەشێک لە خەڵکی شاری کۆبانێ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد دژی ئەم هێرشانە و داگیرکەر.

هاوڵاتییەکی شارۆچکەی چەلەبیە لە شاری کۆبانێ، تورکی خەلیل حوسێن، گوتی: "ئەمە وڵاتی ئێمەیە، تا کۆتایی بە خوێنی خۆمان لە داگیرکەر دەیپارێزین، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لێرەدا هیچی نییە، دەوڵەتی جیهان بێدەنگن بەرامبەر ڕەفتاری داگیرکەری تورک و چاو لەم دڕەندەییە دەپۆشن لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان، ئێمە گرێدراوی خاکەکەمانین، هەزاران شەهیدمان بەخشیوە لەپێناو پاراستنی ئەم خاکە و زیاتریش دەبەخشین، بە گیان و جەستەمان وڵات دەپارێزین، ئەگەر بە بەردیش بێت بەرامبەر دوژمنی ستەمکار دەوەستینەوە".

هەروەها هاوڵاتی خەلیل عەبۆ، باسی لە گرنگی یەکبوونی کورد کرد، دووپاتی کردەوە پێویستە گەلی کورد یەکبگرێت و دژی داگیرکەر ڕاپەڕن، گوتی: "گەلی کورد ڕووبەڕووی زۆر قڕکردن و کۆمەڵکوژی بۆتەوە، دوژمن ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانمان، ڕۆژانە ڕووبەڕووی بۆردومانی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان دەبینەوە، دەبێت وەک جەستەیەک بەرامبەر داگیرکەر بوەستین".

بەهەمانشێوە هاوڵاتی فاتیمە ئیدریس تیشکی خستە سەر ئامانجەکانی داگیرکەری تورک بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و گوتی: "هەزاران شەهیدمان بەخشی و زیاتریش دەبەخشین، دەستبەرداری خاکەکەمان نابین".