خەڵکی کۆبانێ لەدژی گۆشەگیری ڕێپێوانیان ئەنجامدا

بە سەدان کەس لە دانیشتوانی کانتۆنی فرات لە دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕژانە گۆڕەپانەکان.

بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە سزای دیسپلین بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئەکتاشدا سەپێنرا. لە دژی ئەم بڕیارەش گەلی کانتۆنی فرات ڕژانە گۆڕەپانەکان و بە وتنەوەی دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و " بە گیان و خوێن لەگەڵتداین ئەی سەرۆک" و بە بەرزکردنەوەی وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە گۆڕەپانی ئازادییەوە تا گۆرەپانی ئاشتیی کۆبانێ ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

بەشداربووانی رێپێوانەکە دوای گەیشتنیان بە گۆڕەپانی ئاشتی، خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی ڕزگاری کوردستان و پاشان لە لایەن هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی  فراتەوە سارا خەلیل ڕاگەیاندراوێک خوێندراویەوە و وتی: "دەوڵەتی فاشییستی تورک دیسانەوە سزای قەدەغەکردنی بەسەر ڕێبەرماندا سەپاندەوە. ماوەی چوار ساڵە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەرمانەوە نیە، بۆیە بە دەوڵەتی تورک دەڵێیین هیچ کاتێک ناتوانن بە بە گۆشەگیری ئێمە لە رێبەرمان داببڕێنن".