خەڵکی تەبقە سڵاویان لە بەرخۆدانی هەسەدە کرد

خەڵکی تەبقە بە ڕێپێوانێک سڵاویان لە بەرخۆدانی هەسەدە کرد.

ئەندامانی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان، پارتی سوریای پاشەڕۆژ، شێخ و ڕیش‌سپیانی عەشیرەتەکان، سەدان دانیشتووی تەبقە، بە ڕێپێوانێک پشتگیریان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) دووپات کردەوە. لە ڕێپێوانەکەدا ئاڵای هەسەدە و یەپەژە و پانکارتەکان بە نوسینی "هەسەدە مسۆگەری هاوبەشی دیموکراسی و فرەڕەنگی سیاسییە" بەرزکرایەوە.

لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "هەسەدە نوێنەرایەتی ئێمە دەکات" بەرزکرایەوە.

ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی مەیسەلون ڕاوەستا، جەماوەر خولەکێک بۆ گیانی شەهیدان وەستان. پاشان ئەندامی مەجلیسی تەبقەی پارتی سوریای پاشەڕۆژ، ئەحمەد خەڵەف، ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی هەسەدە لە ڕزگارکردنی هەرێمەکە لەدەستی چەتەکانی داعش.

ئەحمەد خەڵەف، گوتی: "لەگەڵ هێزەکانی خۆمانین. لێرەین تا فیداکاری ئەوان بنرخێنین، سڵاو لە شەهیدەکانمان دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین".

خەڵەف، گوتی: "هیچ هێزێک لە ئێوە بەهێزتر نییە. ئێوە ئەفسانەی قارەمانێتیتان نیشاندا و مۆدێلێکی بێ وێنەتان پێشکەشی مرۆڤایەتی کرد. ئێوە لە ئاستی ئەو باوەڕ و بەرپرسیارێتییەن کە گەل پێی سپاردوون".

ئەحمەد خەڵەف لە کۆتاییدا گوتی: "بەناوی مەجلیسی تەبقەی پارتی سوریای پاشەڕۆژ و بەناوی تەواوی پێکهاتەکانەوە، پشتگیری خۆمان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕادەگەیەنین. بڕوامان وایە، هەسەدە گونجاوترین هێزە بۆ ڕەخساندنی ئازادی و دیموکراسی هاوبەش و فرەڕەنگی سیاسی. هەسەدە تۆوی سوپایەکی نیتشیمانییە کە خاک و شەرەفی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزێت".