خۆپیشاندانێک لە دەیرەزۆر بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان

دانیشتووانی دەیرەزۆر بەڵێن دووپات دەکەنەوە بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و درێژەدان بە تێکۆشان و بەرخۆدان.

ئەمڕۆ لە گوندەواری دەیرەزۆر، خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تێیدا سەدان کەس لە دانیشتووان و ئەندامانی جڤاکی مەدەنی و مەجلیسی مەدەنی دەیرەزۆر بەشداربوون، لەژێر درووشمی «بەگیانی ئاپۆیی خۆتان نوێ بکەنەوە و جەنگی ئازادیی سەربخەن».

خۆپیشاندانەکە لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتی هەجین دەستیپێکرد، خۆپیشاندەران چەند لافیتەیەکیان هەڵگرتبوو لەسەری نوسرابوو «بەگیانی بەرخۆدانی زیندانەکان، شکست بە پیلانگێڕییەکان دەهێنین و لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەئازادی دەژین»، «ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، داواکاریی سەرەکیمانە»، پاشان خۆپیشاندەران گەیشتنە گۆڕەپانی مەجلیسی هەرێمی ڕۆژهەڵات.

لە گۆڕەپانەکەدا، خۆپیشاندانەکە گۆڕا بۆ وەستانێکی جەماوەریی، پاشان ڕاگەیاندراوێک لەلایەن هاوسەرۆکی هەرێمی ڕۆژهەڵات، سعود ئەلمحێمید خوێنرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، بەناوی هەموو دامەزراوە و مەجلیسە خۆجێیەکان و مەکتەبە ئیدارییەکانی هەرێمی ڕۆژهەڵات و ڕیش‌سپی و شێخانی هەرێمەکە و گەنجانی دەیرەزۆرەوە، داوا لە جیهانی ئازاد و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، گۆشەگیریی سەپێنراوی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بشکێنرێت.

ڕاگەیاندراوەکە سەبارەت بە گۆشەگیریی دەڵێت «ئەم گۆشەگیرییە تاوانە بەرامبەر مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی هەموو عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، پیلانگێڕییە دژی گەلی کورد و سەرتاپای گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین».

پاشان ئەندامی مەجلیسی گەنجان لە شارۆچکەی هەجین، غەنام نەعیر، بەناوی مەجلیسەکەوە گوتەیەکی پێشکەش کرد، تێیدا گوزارشتی لەوە کرد، گەنجانی دەیرەزۆر سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕەتدەکەنەوە، دووپاتی کردەوە، بەدڵنیاییەوە ئیرادەی گەلان سەردەکەوێت، ئیرادەی گەنجان شوراکانی ئیمڕاڵی و گۆشەگیریی دەشکێنێت.

هەروەها بەڵێنی دووپات کردەوە، گەنجانی دەیرەزۆر درێژە بە تێکۆشان و بەرخۆدان دەدەن دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەبێ وەستان بەرەو بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاو دەنێن.

لەکۆتایی خۆپیشاندانەکەدا بەشداربووان درووشمەکانیان دووبارە کردەوە، تێیدا بەڵێنیان بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نوێ کردەوە کە وەفادار دەبن بۆ خۆی و ئایدیاکانی: «بە گیان بە خوێن فیداتین ئۆجالان»، «بێ سەرۆک ژیان نابێ».

هـ . ب