کەجەکە سەبارەت بە داعش هۆشداری دا: دەبێت هەڵوێستی جددی نیشان بدرێت

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک، چەتەکانی داعشی لە باشووری کوردستان جێگیر و بەشداری شەڕی کردووە، پەدەکەش چاوپۆشی دەکات و وتی: "دەبێت بەرامبەر ئەم ڕۆڵە نۆکەرایەتی و قێزەونە هەڵوێستی جددیی نیشان بدرێت."

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: "دەوڵەتی تورک بە هاوکاری چەتەکانی داعش هەوڵی داگیرکردنی عێراق و باشووری کوردستان دەدات". کەجەکە داوای کرد دژی ئەم هەوڵدانانە کاردانەوەی توند نیشان بدرێت.

ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە وەهایە:

"لەم پڕۆسەیەدا کە ڕووداوی گرنگ ڕوودەدات، ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمەیە بەشێوەیەکی دروست گەلەکەمان و ڕای گشتی لە هەر جۆرە شتێک ئاگادار بکەینەوە. گرنگە بە دروستی لە پرۆسەکە تێبگەین و هەڵوێستێکی دروست بگرینەبەر. لە ١ی تەمموزی ٢٠٢٤، ئێمە زۆر بە وردی سەرنجمان بە لێدوانی درۆ و چەواشەکارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوە.

هاندان و هەواڵی بە دوور لە ڕاستی

دەوڵەتی چەوسێنەر و داگیرکەری تورک، بۆ کارە نایاسایی و بێ ئەخلاقییەکانی پەنا بۆ هەموو جۆرە هاندان و هەواڵێکی بە دوور لە ڕاستی دەبات. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە لەبەرمبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستاندا شکاوە و گورزی قورسی لێدەدرێت. ئەمەش بە ئاسانی لە ئامارەکانی شەڕی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا دەبینرێت کە لەلایەن هەپەگەوە ڕاگەیەندرا. گەریلاکانی ئازادی کوردستان تەنها لە مانگی حوزەیران ١٨٥ چالاکییان ئەنجامداوە و ٤٦ سەربازی داگیرکەری تورک سزا دراون.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە شەڕدا چەقیوە

لەم پرۆسەیەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە سەدان هێرشی ئاسمانی بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆ سەر گەریلاکانی ئازادیی دەستپێکرد. لە ئاماری شەڕی مانگانەی هەپەگەدا دەبینرێت کە شەڕێکی قورس لە کوردستان زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا بەڕێوە دەچێت. گەریلاکانی ئازادی کوردستان هێزێکە کە لە پێناو پاراستنی دەستکەوت و بەهاکانی گەلی کورد تێکۆشان دەکەن. دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەرچەندە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا و چەکی سەردەمی بەدەستەوەیە و بەکاری دەهێنێت و سەرەڕای ئەوەی بەردەوام یاسا نێودەوڵەتیەکانی شەڕ پێشێل دەکات و چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت، بەڵام لە ئاستێکدا لە بەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستاندا چەقیوە و بە شێوەیەکی جددی ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە. بە ڕوونی دەردەکەوێت دەوڵەتی تورک لەم شەڕەدا گیری خواردووە.

بەئاشکرا پشتگیری لە چەتەکانی داعش دەکات و پەنایان  دەدات

لەبەرئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناتوانێ لە دژی گەریلاکانی ئازادی کوردستان ئەنجام وەربگرێت، ئێستا چەتەکانی فاشیستی داعش لەگەڵ بەکرێگیراوانی گوندەکان و چەتەکانی ڕۆژ دەهێنێتە ناو هەرێمەکانی شەڕەوە. گەلەکەمان و ڕای گشتی جیهان زۆر باش دەزانن کە گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە هەولێر، کەرکوک، مەخموور، شەنگاڵ بە شێوەیەکی فیداییانە و بە بەدیلی زۆرەوە ڕووبەڕووی هێرشی چەتەکانی فاشیستی داعش بوونەوە و کەرامەتی مرۆڤایەتیان پاراست. به هەمان شێوه له باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا له بەرامبەر چەتەکانی فاشیستی داعش به کەرامەت، شکۆ و ئیرادەی بەرزەوە درێژەیان به تێکۆشانی خۆیان دا و چەتەکانی فاشیستی داعش که لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە پشتیوانی دەکران، تێکشکاند. زانراوە پاڵپشتی دەوڵەتی چەوسێنەر و داگیرکەری تورک لە گەڵ چەتەکانی فاشیستی داعش کە بۆتە کارەسات بۆ گەلانی ناوچەکە و مرۆڤایەتی پەیوەندی هەیە. دەوڵەتی فاشیستی ئاکەپە- مەهەپە بەردەوام و بە ئاشکرا پشتیوانی چەتەکانی داعش دەکات و پەنایان دەدات. چەتەکانی فاشیستی داعش لە تورکیا بەرێکخستن و پاڵپشتی دەکرێن، لە تورکیاوە تا مۆسکۆ و لەوێەوە تا زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بڵاوبوونەتەوە و کۆمەڵکوژی دەکەن. دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەکاتێک دا کە هەژمارێکی زۆری چەتەی داعشی لە زۆر شوێنی باشووری کوردستان بۆ شەڕ لە گەڵ گەریلاکانی ئازادی کوردستان جێگیر دەکات، لە لایەکی دیکەوە ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەوڵ دەدات دەرفەتێک بۆ چەتەکانی فاشیستی داعش بدۆزێتەوە. گەریلاکانی ئازادی کوردستان، هاوشێوەی ئەو بەرخۆدانەی تا ئێستا کردوویانە، هیچ درفەتێکی سەرکەوتن بە سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی داعشی نادات.

جێگای شەرمەزارییە کە پەدەکە چاو بەڕووی هێنان و جێگیرکردنی چەتەکانی داعش دا دەگرێت

لەم پڕۆسەیەدا پەدەکە چاوی بە ڕووی جێگیرکردنی چەتەکانی فاشیستی داعش لەسەر خاکی باشووری کوردستان دادەخات و بەردەوام لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورک هاوکاری دەکات. ئەم هەڵوێستەی پەدەکە جێگای شەرمەزارییە. هەرچەندە چەک و تەقەمەنی و هێز بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەگوازێتەوە، بەڵام لە بەرامبەر جێگیرکردنی چەتەکانی داعش لە باشووری کوردستان بێدەنگە. لە لایەکی دیکەوە پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی داگیرکەر بەردەوامی پێ دەدات. ئەم دۆخە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە. لەم پرۆسەیەدا کە ناوچەکە لە سەروبەری داڕشتنەوەیە و ڕووداوی گرنگ ڕوودەدات، بۆ ئەوەی گەلی کورد جارێکی تر شکست نە‌هێنێت، ئازاد بێت و یەکێتی خۆی بگات، پێویستە ڕووناکبیران، ئاکادیمیستەکان، ڕۆژنامەنووس و دیموکراتەکان، هەروەها هەموو گەلی وڵاتپارێزمان دژی ئەم هەوڵ و ڕەۆڵە نەرێنیانەی پەدەکە بوەستنەوە.

نابێت عێراق چاوپۆشی لەم ڕووداوانەوە بکات

یەکێک لەو هێزانەی بەباشی چەتەکانی فاشیستی داعش دەناسێت، گەلی عێراق و دەوڵەتی عێراقە. گەل و دەوڵەتی عێراق ڕووبەڕووی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی داعش بوونەوە، ئازارێکی زۆریان پێگەیشت و تووشی کارەساتی گەورە هاتن. گەل و دەوڵەتی عێراق زۆر باش دەزانن گەریلاکانی ئازادی کوردستان ئەو هێزە بوون کە ڕووبەڕووی هێرشی چەتەکانی داعشی فاشیست بوونەوە لە ناو باشوور و عێراقدا. بۆیە دەوڵەتی عێراق نابێت چاوپۆشی لە جێگیرکردنی چەتەکانی داعشی فاشیست بکات لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لەسەر خاکی باشووری کوردستان و عێراق، بۆیە دەبێت هەڵوێستێکی جددی نیشان بدات. پێویستە گەل و دەوڵەتی عێراق ڕێگە نەدەن چەتەکانی فاشیستی داعش لەم خاکەدا جێگیر بکرێن.

پێویستە لە بەرامبەر هەوڵە داگیرکاریەکاندا ناڕەزایەتییەکی بەهێز نیشان بدرێت

پێویستە گەلانی جیهان بە باشی ئەمە ببینن. چەتەکانی فاشیستی داعش کە ئەمڕۆ دژی گەریلاکانی ئازادی کوردستان شەڕ دەکەن، سبەی وەک بۆمبێک دژی گەلان، پێکهاتەکان و مرۆڤایەتی بەکار دەهێنرێن. بۆیە پێویستە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە دژی هەوڵە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعشی، لە عێراق و باشووری کوردستان نیشان بدرێت.

گەلی کورد لە مێژوودا بەرخۆدانێکی شکۆمەندانەی بەرامبەر چەتەکانی داعشی فاشیست نیشان دا. ئەمڕۆش لەدژی چەتەکانی داعشی فاشیست کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەدژی گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەکاری دەهێنێت، دەبێت بەهەمان ئیرادەوە لەهەموو شوێنێک تێكۆشانی خۆی بەرز بکاتەوە. هەروەها جیا لە گەلەکەمان، داوا لە هەموو هێزە دیموکراسیخواز و وڵاتپارێزان دەکەین کە بەرپرسیارانە بەرامبەر ئەم پەیوەندییە نەرێنیانەی پەدەکە هەڵوێستی جددی نیشان بدەن."