ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بێدەنگن بەرامبەر کارەساتی ئاو لە حەسەکە

هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کانتۆنی حەسەکە بانگەوازی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات ئاوڕ لەو کارەساتە مرۆییە بدەنەوە کە ڕووبەڕووی گەل بۆتەوە بەهۆی بڕینی ئاوی خواردنەوە لەلایەن داگیرکەری تورکەوە.

هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کانتۆنی حەسەکە، عیسا یونس ڕایگەیاند: "هەوڵدەدەین دەنگی گەلی حەسەکە بگەیەنین بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزە کاریگەرەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها مەترسی نەبوونی ئاو ڕوون بکەینەوە".

عیسا یونس گوتی: " داگیرکەری تورک و چەتەکانی ئاوی وێستگەی عەلوکی بڕیوە کە تاکە سەرچاوەی ئاوی شاری حەسەکەیە، ئەمەش لە نزیکترین کاتدا دەبێتە مایەی کارەساتی مرۆیی".

سەبارەت بە ڕێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ کەمکردنەوەی نەهامەتی گەلی شارەکە، یونس ڕایگەیاند: " چەند تانکییەکی ئاوی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هەیە و دەخرێتە خزمەتی گەلەوە، لەڕێگەی مەجلیس و کۆمیونەکانەوە بڵاودەکرێتەوە بۆ تێپەڕاندنی کارەساتەکە".

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کانتۆنی حەسەکە بەدەست کەمی تانکی ئاوەوە دەناڵێنێت کە ژمارەیان ٦٠ دانەیە و ئەمە بەشی گەل ناکات.

یونس دووپاتی کردەوە، هەوڵی پێویست دەدەن بۆ گەیاندنی ئاو بە هاوڵاتیان، تا جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕاکێشانی ئاو لە گوندەواری شاری عاموداوە لەماوەی ئایندەدا.

هەروەها بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات ئاوڕ لەم کارەساتە مرۆییەی حەسەکە بدەنەوە، کە بەرئەنجامی سیاسەتی داگیرکەری تورک و بڕینی ئاوی وێسگەی عەلوکە.