کۆمیتەی شلێر تاوانی لاقەکردنی مناڵێک لە عەفرینی داگیرکراو شەرمەزاردەکات

کۆمیتەی شلێر تاوانی لاقەکردنی مناڵێکی ١٣ ساڵ لەلایەن چەتەکانی تورکەوە لە عەفرین شەرمەزاردەکات، ئاماژە دەکات بە زیادبوونی تاوانەکان دژی مناڵان لە سایەی نەبوونی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی.

چەتەکانی "حەمزات"ی سەر بە داگیرکەری تورک مناڵێکی ١٣ ساڵ لە گوندی جوقە لە عەفرینی داگیرکراو لاقەدەکەن. کۆمیتەی شلێر بۆ مافەکانی مناڵان، ئەمڕۆ بە ڕاگەیاندراوێک ئەم تاوانەی شەرمەزارکرد، ڕاگەیاندراوەکە لە پارکی شاری قامیشلۆ لەلایەن ئەندامی کۆمەڵەکە، جولیا خەلۆ خوێنرایەوە.

جولیا ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژانە ڕاگەیاندراو بڵاودەبنەوە بۆ ئاشکراکردنی تاوانی چەتەکانی داگیرکەری تورک بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانێک ڕووبدات.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، تاوان و پێشێلکارییەکان دژی مناڵان لە هەرێمە داگیرکراوەکان تادێت زیاتر دەبن، ڕۆژانە مناڵان ڕووبەڕووی کوشتن و قڕکردن دەبنەوە.

کۆمیتەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، تیشکی خستە سەر دوایین تاوانی لاقەکردن دژی مناڵێکی ١٣ ساڵ و گوتی: "ئەمە تازە نییە، ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە، بەهۆی نەبوونی ڕاگەیاندن لە هەرێمە داگیرکراوەکان چەندین پێشێلکاری دژی مناڵان لە هەرێمە داگیرکراوەکان ڕوودەدەن، هەرچەند ڕۆژانە لیژنەی نێودەوڵەتی پێکدێت، بۆ چاودێری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەڵام هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە".

هەروەها کۆمیتەکە ڕەخنەی لە بێدەنگی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گرت و گوتی: پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بێدەنگی بشکێنن و هەڵوێست وەربگرن بەرامبەر کوشتن و لاقەکردنی مناڵان".