کۆنفڕانسی هەپەجە-ژن: دەبێت گۆشەگیری ئیمراڵی تێبشکێنین

هەپەجە-ژن کۆنفڕانسی دووەمی خۆی لە حەسەکە سازکرد. لە کۆنفڕانسەکەدا راگەیەندرا "دەبێت ئێمە گۆشەگیری سەر رێبەرایەتیمان تێبشکێنین و هەرێمەکانمان بپارێزین".

هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی (هەپەجە- ژن) لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رۆژی هەینی کۆنفڕانسی دووەمی خۆیان بە بەشداری نوێنەرانی یەپەژە، دەستەی ژنانی خۆبەڕێوەبەری و هەزار و ٦٠٠ نوێنەری هەپەجە- ژن سازکرد. کۆنفڕانسەکە بە دروشمی "بە گیانی فیدیی هەدیە، یوسرا و ژنان ئێمە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ بەڕێوەدەبەین، کۆشەگیری تێکدەشکێنین و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین" لە هۆڵی سەردەمی شاری حەسەکە بەڕێوەچوو.

وتاری کردنەوەی کۆنفڕانسەکە لە لایەن ئەندامی فەرماندەیی یەپەژە رۆژهەڵات عەفرینەوە پێشکەشکرا. رۆژهەڵات عەفرین لە سەرەتادا شەهیدانی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی بە بیرهێنایەوە و رایگەیاند کە لە سەرەتاوە کە چەخماخەی شۆڕش لێدرا، هەپەجە- ژن هێزی سەرەکی خۆپاراستن بوو، کە مۆرکی خۆی لەو شۆڕشەدا.

رۆژهەڵات وتی، "ئێمە کچی ئەو دایکانەین کە لە پێناو پارێزگاریی لە هەرێمەکە و خاکەکەیان شەهیدبوون، ئێمە رێبوار و شوێنکەوتووی رێبازی ئەو دەبین و تا ئەوکاتەی ئامانج و خەونەکانیان بەدیدەهێنین".

دواتر هەڵسەنگاندنەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی ژن و خۆپاراستن خوێندرانەوە. هاوسەرۆکی بزوتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (تەڤ-دەم) روکەن ئەحمەد-یش وتەی پێشکەش کرد و سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی بە بیرهێنایەوە و وتیم "ئەو هەڤاڵانەی وێنەکانیان لە پشت سەرمانەوە هەڵواسراوە، لەپێناو ئەم خاکە و دەستکەوتەکاندا شەهیدبوون. هەڤاڵان زۆر بە باشی دەزانن کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشی کردە سەر عەفرین. هەڤاڵ فاتمە و دایکی هۆگر کە ئەندامی هەپەجەبوون بۆ ئەوەی بەر بەو هیرشانە بگرن شەهیدبوون".

روکەن ئەحمەد باسی لەوەکرد کە بۆ تێکشکاندنی هێرشەکانی سەر هەرێمەکە دەبێت هەموو کەس خاوەنداری لە شۆڕش، راستیی شەهیدان و دەستکەوتەکان بکات.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا والیدە بۆتی بە بۆنەی سازکردنی کۆنفڕانسەکەوە پیرۆزبایی خۆی راگەیاند و وتی، "بە قۆناغێکی دژوار و هەستیاردا تێپەڕ دەبین. دوژمن بە هەموو هێزیەوە هەوڵ دەدات شکستمان بدات، گۆشەگیری سەر رێبەر ئۆجالان دژوار دەکات و بەردەوام لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێمە. هەربۆیە دەبێت وەک شۆڕشگێڕ خۆمان رێکبخەین بۆ ئەوەی گۆشەگیری سەر رێبەرایەتیمان تێکبشکێنین و هەرێمەکەمان بپارێزین".

دوای وتارەکان راپۆرت لەبارەی دۆخی رێکخستن و راپۆرتی کاروبارەکانی دوو ساڵی رابردووی هەپەجە- ژن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا خوێندرانەوە و بەڵگەفیلمێک لەسەر خەباتی هەپەجە نمایش کرا. دواتر پەیڕەوی ناوخۆی هەپەجە-ژن خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

کۆنفڕانسەکە بە دەرکردنی ژمارەیەک بڕیار پەیوەست بە گرنگی پاراستنی جەوهەری بۆ ژنان کۆتاییهات.

هـ . ب