کۆنفرانسی ئاکادیمیای ژنولۆژی: زانا بوونی ژنان بە ژنولۆژی نۆژەن دەبێتەوە

دووەمین کۆنفرانسی ئاکادیمیای ژنولۆژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ژێر دروشمی 'زانابوونی ژنان بە ژنولۆژی نۆژەن دەبێتەوە' بەڕێوەچوو.

کۆنفرانسی ژنولۆژی

دووەمین کۆنفرانسی ئاکادیمیای ژنولۆژی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕۆژانی٢٥-٢٦ی ئەیلول لە ناوەندی سەردەم لە شاری حەسەکە بە دروشمی "زانا بوونی ژنان بە ژنولۆژی نۆژەن دەبێتەوە" بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەدا بە بەشداری ٣٠٠ نوێنەر گفتوگۆ لەسەر شێواز و پرەنسیپەکانی زانابوونی ژنان کرا.

سەبارەت بە کۆنفرانسەکە، بابەتەکان بەناونیشانی؛ "سیستەمی ئاکادیمیاکان لە پێوەرە فیکریەکان"، "ڕێبازی ژنولۆژی (میتۆدۆلۆژی)"، "ڕۆڵی ژنولۆژی لە پێکهێنانی شۆڕشی ژنان"، "ئامانج و میتۆدی پەروەردەدەرانی ژنولۆژی"، "گرنگی ژنولۆژی و پەرەپێدانی". لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. بۆ هەریەک لەو پێنج پرسەی کە دەست نیشان کرابوون، وۆرکشۆپێک دروستکران و توێژینەوە و ڕاپرسی لەو بوارەدا ئەنجامدرا. وۆرکشۆپی چاودێری، لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەو ڕێبازانەی کە چالاکییەکانی ژنولۆژی تەنیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا سنووردار نەماوە بەڕێوەچوو. هەروەها بەڵگەنامەیەکی وۆرکشۆپ بۆ پێشکەشکردن لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەکرا.

لە کۆنفرانسەکەدا کە نۆژەن کردنەوەی زانست و زانابوون بوو، لەسەر ئاستی ژنان، باس لە شێوازەکانی زانین، زانست و ژنولۆژی کرا و ئامانج نیشاندانی ڕوانگەی جوانیناسیی مێژوویی، کۆمەڵایەتیی ژنان بوو. بەپێچەوانەی کۆنفرانسە زانستیە کلاسیکەکانی پۆزەتیڤیست، بە دەست نیشانکردنی 'ژیان زانستە، زانست ژیانە'، بە زمانی کولتوور و هونەر ڕەنگی ژن، زمان و داهاتوویان نیشاندا.

لە دەستپێکی چوونەوە ناو هەیوانەکەدا ستاندی کتێبە چاپکراوەکان لەلایەن ئاکادیمیای ژنانەوە کرایەوە. وێنەی هیپاتیا، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، ساکینە جانسز، زەینەپ کناچی، ئارین میرکان، ناگیهان ئاکارسەل، هێلین موراد، ئیسیان ئارمانچ، لەیلا ئاگری، ماڵدا کوسا بە دیوارەکانەوە هەڵواسرابوو. هەروەها ستاندەکانی کاری دەستی کە لەلایەن ژنانی نیشتەجێی گوندی ژنوارەوە دروستکرابوون نمایش کران.

کۆنفرانسەکە بە کۆنترین مۆسیقا و گۆرانی عەشتار کە لە پەرستگای عەشتار نووسراوە دەستی پێکرد. چوار ژن بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بە نوێنەرایەتی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، شیعری عەشتاریان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئەرمەنی و سریانی پێشکەش کرد.

پاشان هاوسەرۆکی مەجلیسی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) لەیلا قەهرەمان، ژنانی پێشەنگی بەبیر ‌هێنایەوە و وتی: "ئەو قەیرانەی کە کۆمەڵگا تووشی بووە، ئەو ململانێانەی یەک لە دوای یەک ژینگەی گرتووتەوە، ئەمڕۆ ژیانی مرۆڤایەتی گەیاندووتە قۆناغی لەناوچوون و داڕمان، بەهۆی ناوەندی پاوانخوازی ڕژێمەکان چەندین سەدەیە لەسەر بنەمای عەقڵیەتی ڕەگەزپەرەستی، ئایینی و دەوڵەت نەتەوە سەریان هەڵداوە. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی چەوساندنەوەی زیاتری ژنان لە کارە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووریی و تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی نێوان ژن و پیاو کە بە هۆی قەیرانەکانی مۆدێرنیتە سەرمایەداری و سیستەمی ئایدیۆلۆژییەکەی سەری هەڵداوە. سەرمایەداری، بە شێوەیەک ژنان بە ئامانج دەگرێت، جیاوازی لە نێوان چینەکانی دروست کردووە و بە شێوەیەکی سیستماتیک میکانیزم و کەرەستەی چەوساندنەوەی بە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگادا بڵاو کردووتەوە. توندوتیژی و چەوساندنەوە لە کۆمەڵگاکاندا بووەتە هەڵوێستێک کە ژنان تا ئاستی کۆیلایەتی دەبات و وای لێدەکات لەبەرامبەر هەر جۆرە میتۆدێکی تۆقاندن و زەلیلکردندا هیچ هەڵوێستێکیان نەبێت. هەموو ئەمانە بۆ ڕێگریی لە تێکۆشانی ژنانە و دژایەتیکردنی ڕاستییەکانی ژنانی تێکۆشەرە بۆ ئازادی. بەڵام ژنان لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا تەسلیم نەبوونە و بەردەوامن لە تێکۆشان. هەروەها مێژووی ٥٠٠٠ساڵەی دەوڵەتپارێزی هیرارشیک، مێژووی کودەتا و شەڕ و کۆمەڵکوژیی و کارەساتی ئیکۆلۆژییە.

دوای وتاری دەستپێک کورتە فیلمێک، کە بە زمانی کوردی و عەرەبی لە سەر ڕێنماییەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ژنولۆژی و ئازادی ژنانەوە ئامادەکرابوو نمایش کرا. پاشان پەیامەکانی کوردیناسیۆنی کەژەکە، پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) و ئەو پەیامانەی کە لەلایەن زۆربەی ڕێکخستنەکانی ژنانەوە نێردرابوون خوێندرایەوە.

'عەقڵیەتی کۆمەڵگایەکی ئازاد بە شۆڕش تەواو دەکرێت'

لە دانیشتنی ڕۆژی یەکەمدا مامۆستای بەشی ژنولۆژی زانکۆی ڕۆژئاوا، ئەڤین ئەحمەد، وتارێکی لە ژێر ناوی "ئەرکە فیکریەکان لە پێوەرەکانی سیستەمی ئاکادیمیدا"پێشکەش کرد. ئەڤین ئەحمەد لە وتارەکەیدا وتی: "لە سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکدا ئەکادیمیاکان چالاکی فیکری و پەروەردەیی و زاناستی بۆ کۆمەڵگا ئەنجام دەدەن. کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و ئازاد؛ بە شۆڕشی کولتووری، فیکری و زانستی دەگاتە ئەنجام، بە شۆڕشی فیکری کە لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی بەها ئەخلاقی و جوانیناسی و سیاسییەکان دامەزراوە، دەگاتە ئەنجام. دونیای تێگەیشتنی ئازاد، بە ڕێکخستنی هەموو لایەنەکانی پەیوەست بە ژیانی کۆمەڵایەتی، بە پەروەردەوە لە ئەکادیمیاکاندا پەرەی پێدەدرێت."

لە ژنولۆژیدا باس لەسەر شێواز و ڕێبازەکان کرا

لە دانیشتنی دووەمدا، عالیا عوسمان، ئەندامی ناوەندی ژنولۆژی حەسەکە، وتارێکی بەناونیشانی "میتۆدی ژنولۆژی" پێشکەش کرد. عالیا عوسمان بەوتنی؛ "پرسیارەکانی میتۆدۆلۆژی چین؟ لەبەر چی ئەم بابەتە دەخرێتە ڕۆژەڤی کارەوە؟ ڕێبازەکانی ژنولۆژی چییە؟" پێشکەش کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:

 "میتۆدۆلۆژی، بە واتایەکی تر، زانستی میتۆد و ڕێبازەکانە، بەڵام وەک بەشێکی زانستی دامەزراوەیی نەکراوە. وەک بوارێکی فەلسەفە توێژینەوە لەسەر بوارەکانی میتۆدی بوارە جیاوازەکانی زانست دەکات. ئەگەر کورتترین و کاریگەرترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە ڕاستی وەک میتۆدێک پێناسە بکەین، ئەوا زانست میتۆدی کۆی سیستەمی ئەم هەوڵانەیە.

'لە پەروەردەی ژنولۆژیدا زانین بەپێی ڕێوشوێنە سیاسی و ئەخلاقییەکان دەست نیشانکرا'

لە دانیشتنی یەکەمی ڕۆژی دووەمدا، سەرۆکی ئاکادیمیای ژنولۆژی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، زەریبان حەسەن، وتارێکی بەناونیشانی 'ئامانج و شێوازەکانی پەروەردەی ژنولۆژی پێشکەش کرد. زەریبان حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خولانەی کە لە ئەکادیمیاکاندا دەدرێن بوونەتە زەمینەیەکی گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی پێوەرە ئەخلاقی و سیاسییەکان و باسی لە گرنگی پەروەردە کرد و وتی: " بۆ ئەوەی بزانین ئایا پەروەردە زانستیە یان نا، باشترین شێواز ئەوەیە کە لە دایکی یەکەمەوە لە سروشتەوە دەست پێبکەین، بۆ لێکدانەوە سود لە ئەزموون، سەرچاوە و پێناسە جۆراوجۆرەکان وەربگرین. بە درێژایی مێژوو پەروەردە و زانست پێکەوە بوون و تەواوکەری یەکتر بوون. تا مامۆستای یەکەم، باشترین خوێندکاری سروشت، ئەو ژنەی کە کۆمەڵگای فێرکردووە، دانپێدانەنرێت، پەروەردە وەک خۆی جێگا ناگرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت پەرە بە زانست بدرێت، دەىێت زیاتر زانیاری سیستماتیک لە ڕێگەی پەروەردەوە بدرێت."

'ئێمە ژنولۆژی وەک زانستی شۆڕشی ژنان پێناسە دەکەین'

هەروەها زوزان محەمەد، مامۆستای ژنولۆژی لە زانکۆی رۆژئاوا، لە دانیشتنەکەدا وتارێکی بە ناونیشانی "ڕۆڵی ژنولۆژی لە بنیاتنانی شۆڕشی ژنان"دا پێشکەش کرد. زۆزان محەمەد بە وتنی؛ "ئێمە ژنولۆژی وەک زانستی شۆڕشی ژنان دەبینین" دەڵێت؛ ژنولۆژی ئەو زانستە کۆمەڵایەتیەیە کە بنەمای شۆڕشی ژنان دادەمەزرێنێ و خزمەت بە ئامانجەکانی دەکات. لە ڕابردوودا دەبوو جیاوازی نێوان زانست و شۆڕش ڕوون بکەینەوە، واتە جیاوازی نێوان زانست و ئایدیۆلۆژیا. لە سەدەی بیست و یەکدا شۆڕشێک کە پشت بە پرەنسیپە زانستییەکان نەبەستێت ناتوانێت ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت. ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان شیکردنەوەیەکی نوێ بۆ یەکڕیزیی زانست و ئایدیۆلۆژیا پێشەکەش دەکات کاتێک دەڵێت مەودای نێوان ئایدیۆلۆژیا و کۆمەڵناسی کەم بووەتەوە بەکورتی، ئایدیۆلۆژیای ئەو ئایدیایەی کە دەمانەوێت تێیدا بژین، کۆمەڵناسی راستی ئەو شتانە دیاری دەکات."

دوای پێشکەشکردنەکە، فیلمێک دەربارەی ژنولۆژی و ژنان بۆ ماوەی کاتژمێرێک پەخش کرا. هەروەها گەشتی ١٤ساڵەی ژنولۆژی بریتیبوو لە کارەکانی ڕۆژئاوا هەتا باکوور، ڕۆژهەڵات هەتا باشوور، مەخموور، شەنگاڵ، ئەورووپا، ئەمریکای باشوور، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنوار، چارەسەری ژنان، کتێب و گۆڤارەکانی ژنولۆژی ژنان.

دوای نمایش کردنەکە پێشنیار و هەڵسەنگاندنەکانی بەشداربووان هەڵسەنگێندرا و ئەنجامەکانیش ئامادەکران.

پاشان کۆنفرانسەکە بە شانۆی سی" لەلایەن بەشداربووانی نێودەوڵەتی پەیمانگای ئاندریا وۆڵف کە باسی شۆڕشی ژنانی دەکرد نمایشکرا. پاشان بە سەمای نەتەوەیی گروپی کۆمەڵەی ژنانی ئەرمەنی بەردەوام بوو.

کۆنفرانسەکە کە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و چەپڵەی ژنان کۆتایی پێهات.