کۆنگرەی ستار: ١٥ ی ئاب، لەڕێگەی بەرخۆدانەوە ژیانێکی ئازاد بنیات دەنێت

بەبۆنەی ٣٩ هەمین ساڵیادی ١٥ ی ئاب، کۆنگرەی ستار ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "١٥ ی ئاب، لەڕێگەی بەرخۆدانەکەیەوە بە پێشەنگایەتی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ژنان، ژیانێکی ئازاد و یەکسان بنیات دەنێت".

بەبۆنەی ٣٩ هەمین ساڵیادی ١٥ ی ئاب، کۆنگرەی ستار، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتادا دەڵێت:"سەرەتا پیرۆزبایی ٣٩ هەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب لە گەلەکەمان دەکەین، ئەم هەڵمەتە گەلی کوردی لە تاریکییەوە هێنایە بەر ڕووناکی، لە کۆیلایەتییەوە بۆ بەرخۆدان و ڕۆحی تێکۆشان، بەمەش بۆ هەموو جیهانی سەلماند، ئەم گەلە هەیە و لەسەر خاکە مێژووییەکەی ماوەتەوە.

هەروەها لە درێژەدا دەڵێت: "بەبۆنەی ئەم یادە مەزنەوە، یادی شەهید عەگید (مەعسوم کۆرکماز) بەرزڕادەگرین کە یەکەمین چەخماخەی داگیرساند و قارەمانێتی گەلی کوردی بۆ دوژمنی تورک سەلماند، ڕایگەیاند، کاتی ئازادی کوردستانە لە ستەم و زۆرداری فاشیزمی تورک".

ڕاگەیاندراوەکە تیشکی خستە سەر تێکۆشانی گەلی کورد و دەڵێت: "هەموومان دەزانین مێژووی کوردستان چەندین ڕاپەڕینی بەخۆوە دی لەپێناو پاراستنی هەبوونی گەلی کورد، بەمەش گەلەکەمان قوربانی گەورەی بەخشی لە ئەنجامی ڕێگە و ڕێبازە کلاسیکییەکانی ڕاپەڕینەکانی کورد، گەلی کورد ستەم و چەوسانەوەی زۆری چەشت بەهۆی شکستی ئەم ڕاپەڕینانەوە. بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی پەکەکە، کورد بۆ یەکەمجار گەیشتە قۆناغی خۆئافراندن و ڕێکخستن و تێپەڕاندنی ڕێبازە کلاسیکییەکان، بوو بە هێزی گەلانی چەوساوە، کوردان ڕێبازە کۆنەکانیان تێپەڕاند، بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێباز و تاکتیکی خۆیان پێشخست. ئەم تێکۆشانە بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە ٤٥ ساڵە بەردەوامە. سەرەڕای هەموو جۆرە هێرشەکان لەلایەن هێزە هەژموونگەراکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بەڵام دۆزی کورد بە ڕای گشتی ناسێنرا و بووە خاڵی وەرچەرخان لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین. لەسەر ئەم بناغەیە، هەڵمەتی ١٥ ی ئاب، شۆڕشی ژیانەوەی ئافراند".

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە دەکات بە شۆڕشی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەڵێت: "تێکۆشانمان لە هەموو گۆڕەپانەکان گرنگە، ژن و گەلان یەکیان گرتووە، ئەمەش بۆتە سەرچاوەی ئیلهام.

ئێمە لە قۆناغێکی مێژوویداین، چارەنووسی ژن و گەنج و هەموو هێزە دژە فاشیستەکان دیاری دەکات. بەم هۆیەوە بانگەواز دەکەین بۆ پتەوکردنی تێکۆشان. کاتی پتەوکردنی تێکۆشانی هاوبەش و یەکێتی گەلی کوردە.

بانگەواز لە تەواوی گەلان دەکەین، بەتایبەت ژنان و گەنجان، بەرپرسیارێتی مێژوویمان لەپێشە. وەک چۆن هەڵمەتی ١٥ ی ئابمان ئافراند، ئێستەش کاتی ئافراندنی ئازادی و سەرکەوتن و ئاواکردنی جڤاکێکی ئەخلاقی و سیاسییە. ڕۆحی سەرکەوتنی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب بۆ ئێمە وەک لەدایکبوونەوەیە. ئێمە لەو باوەڕەداین، سەرکەوتن بەشی ئێمەیە، هەروەها شکست و وێرانبوون و تێکچوون بەشی فاشیزمی و تورک و هەموو هێزە پاشڤەڕۆ و نەژادپەرستەکانە. لەڕێگەی بەرخۆدانی ١٥ ی ئابەوە، گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بە پێشەنگایەتی ژنان، ژیانێکی دادپەروەر و یەکسان و ئازاد بنیات دەنێن. هەروەها تێکۆشانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕزگارکردنی هەموو هەرێمە داگیرکراوەکان بەردەوام دەبێت".