کۆنگرەی ستار: داگیرکەری تورک لە بیری ژنی ئازاد دەترسێت

مەجلیسی کۆنگرەی ستار ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا سەرخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت، داوا لە ژنان دەکات خاوەندارێتی لە دەسکەوتەکانی شۆڕش بکەن، دووپاتی دەکاتەوە، داگیرکەری تورک لە بیری ژنی ئازاد دەترسێت.

هێرشێکی داگیرکەری تورک ڕێگەی نێوان شاری قامیشلۆ و شارۆچکەی ترپەسپی لە نزیک گوندی تەل شەعیر کردە ئامانج، بەهۆیەوە هاوسەرۆکی مەجلیسی کانتۆنی قامیشلۆ، یوسرا دەروێش و جێگرەکەی لیمان شوێش و شۆفێرەکەیان فورات توما شەهیدبوون.

کۆنگرەی ستار ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و هێرشەکەی شەرمەزار کرد، دووپاتی کردەوە، درێژە بە ڕێگەی شەهیدان دەدەن و ئامانجەکانیان بەدی دەهێنن.

لە دەقی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"ماوەیەکی زۆرە هێرشەکانی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە و دوژمنکارییەکانی بەرامبەر ڕۆڵەکانی هەرێمەکە درێژەی هەیە. بەشێوەی خەڵکی سڤیل و بچوک و گەورە و پیر و ژن و مناڵ دەکاتە ئامانج.

هەموومان دەزانین دەوڵەتی تورک دژە بە مرۆڤایەتی و دیموکراسی و ژن. ئەم دەوڵەتە فاشیستە دیموکراسی و مرۆڤایەتی ناناسێت. پەرەپێدانی سیستەمێک بە پێشەنگایەتی ژن ڕەتدەکاتەوە. ئەو دەیەوێت لەبری ئەوە، هێزە تاریکەکانی وەک داعش وهاوشێوەکانی پەرە پێ بدات.

هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی ئاستانە. ئەم هێرشە بەرئەنجامی هەماهەنگی نێوان دەوڵەتی تورک و ڕوسیایە. زیادبوونی هێرشەکان لەپاش هەڵبژاردن، سیاسەتی ئەردۆگانە کە سوێندی خواردووە دژی کورد بێت. پێش هەڵبژاردن ئەردۆگان بەڵێنی دا هێرش بکاتە سەر کوردەکان و قڕکردنی گەلی کورد چڕبکاتەوە. هەموو شتێک دەکات بۆ بەدیهاتنی ئامانجەکەی کە دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتی نوێی عوسمانییە.

بەداخەوە ئەم هەموو تاوانە بەبەرچاوی جیهانەوە ڕوودەدەن، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بێدەنگ و بەمەش دەبنە هاوبەشی تاوانەکە. ئەم هەرێمە دژی ستەمی داعش خۆی پاراست، بێگومان دژی ستەمی داگیرکەری تورکیش خۆی دەپارێزێت.

ئەم بەیانییە، کاتێک هاوڕێمان یوسرا دەروێش، هاوسەرۆکی مەجلیسی کانتۆنی قامیشلۆ لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ سێ یاوەری بەرەو سەر کارەکەی دەچوو. لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کرایە ئامانج. بەداخەوە خۆی و جێگرەکەی لیما دەروێش و شۆفێرەکەیان فورات توما شەهیدبوون، هەروەها هاوسەرۆکی گابی شەمعون بە سەختی بریندار بوو.  

سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەکانمان دەکەین و سەری ڕێز دادەنەوێنین، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکە دەخوازین.

وەک دەزانن زۆربەی هێرشەکانی داگیرکەری تورکی فاشیست ژنان دەکاتە ئامانج، ئەمەش پیشانی دەدات، چەندێک لە بیر و فەلسەفەی ژنی ئازاد دەترسێت.

هاوڕێیانمان لیمان و یوسرا دەروێش دڵسۆزانە خزمەتی وڵاتەکەیان کرد، ساڵانێک جڤاکەکەیان بەڕێوەبرد و هەوڵیاندا ژنان بگەیەنن بە ناسنامەی ئازاد و ئیرادەی خۆیان تا لەسەر پێی خۆیان بوەستن. ئەم هاوڕێیانە هەوڵی مەزنیان پیشاندا لەسەر ئاستی جڤاکی و ئەکادیمی و پەروەردەیی و جێ پەنجەیان دیارە.

لەڕێگەی ئەم هێرشەوە، دوژمنکاری داگیرکەری تورک گەیشتە لوتکە، پێش ئەمە، داگیرکەری تورک ٣ تێکۆشەری لە گوندی هێلینج کردە ئامانج، هەروەها داگیرکەری تورک هەریەک لە زەهرا بەرکەل و زەینەب سارۆخان و هەڤرین خەڵەف و ژیان تۆڵهەڵدان و دایکە عەقیدە و سەدان ژنی دیکەی کردۆتە ئامانج، ئەمەش ڕێکەوت نییە.

بەڵام دەڵێین، چەندێک بەردەوام بێت لە دژایەتی ژنانی ئازاد، درێژە بە کاروانەکەمان دەدەین لەسەر ڕێگەی شەهیدان تا دوا هەناسەمان.  

ئێمە لە کۆنگرەی ستار، ئەم هێرشە دڕندەیە شەرمەزار دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە بەردەوام دەبین لەسەر ڕێگەی شەهیدە شکۆمەندەکانمان، داوا لە جڤاک و ژنان دەکەین خاوەندارێتی لە دەسکەوتەکانی شەهیدان و شۆڕش بکەن".