کۆنگرەی ستار پشتیوانی دەستپێشخەرییەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەکات

کۆنگرەی ستار پشتیوانی خۆی ڕاگەیاند بۆ دەسپێشخەرییەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، داوا لە حکومەتی دیمەشق دەکات وەڵامی دەسپێشخەرییەکە بداتەوە و کاربکات لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ کۆتایهێنان بە قەیرانەکە.

لە ڕاگەیاندراوی کۆنگرەی ستار وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر دەسپێشخەرییەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هاتووە: «دوانزە ساڵە سوریا لە قەیرانێکی ڕاستەقینەدایە، گەلی سوری بە هەموو پێکهاتەکانەوە دەناڵێنێت بەهۆی کوشتنی هەزاران لە ڕۆڵەکانی گەل و کۆچ و ئاوارەبوونی هەزارانی تر».

کۆنگرەی ستار ڕەخنە لە هەڵوێستە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان پەیوەست بە قەیرانی سوریا دەگرێت و دەڵێت: «لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵوێستێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیی جدی و ڕاستەقینە نابینین بۆ کۆتایهێنان بەم قەیرانە، بەپێچەوانەوە زۆربەی ئەم هێزانە هۆکاربوون بۆ ئاڵۆزتربوونی قەیرانەکان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان، بۆ نموونە، ژنێف و ئاستانە. بەشێک لە هەڵوێستەکانیش شەرمنانە بوون و نەدەچوونە خزمەتی چارەسەری قەیرانی سوریا».

هەروەها هاتووە: «هەر لە ڕاگەیاندنییەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەموو هەوڵێکی دا بۆ چارەسەری قەیرانەکە بەڕێگەی ئاشتییانە و بانگەوازی لە هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد بەرەو گفتوگۆی ئاشتییانە، لە گۆشەی باوەڕێکەوە بە چارەسەربوونی کێشەی سوریا، بۆیە بەم دواییانە دەسپێشخەرییەکی ڕاگەیاند بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بەگوێرەی شەش بڕگەی سەرەکی، لەڕێگەیەوە دەیەوێت یەکێتی خاکی سوریا بپارێزێت و مافی یەکسانی هەموو ڕۆڵەکانی گەلی سوریا دەستەبەر بکات، لەگەڵ دامەزراندنی سیستەێکی فرەیی و نامەرکەزیی دیموکراتیک و باوەڕدار بە ئازادی ژنان».

مەجلیسی کۆنگرەی ستار پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە ڕادەگەیەنێت و داوا لە حکومەتی دیمەشق دەکات بەدەم ئەم هەنگاوەوە بێت، لەکۆتاییدا هاتووە: «ئێمە لە مەجلیسی کۆنگرەی ستار لە باوەڕبوونمان بە جدییەتی هەڵوێستی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و بانگەوازەکەی بۆ گفتوگۆ و چارەسەری قەیرانی سوریا لە بەرژەوەندی هەموو سورییەکان، پاڵپشتی ئەم دەسپێشخەرییە دەکەین، بڕوامان وایە پێویستە حکومەتی سوریا بەدەم ئەم دەسپێشخەرییەوە بێت و کاربکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش بۆ ئەم قەیرانە».

ف.ق