کۆنگرەی ستار: شۆڕشی ١٩ ی تەمموز، شۆڕشی ژن و ژیانە

مەجلیسی کۆنگرەی ستار بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، بانگەواز لە ژنان دەکات، بڕژێنە گۆڕەپانەکان لەپێناو پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش.

مەجلیسی کۆنگرەی ستار بەبۆنەی ١١ هەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ ی تەمموزی ٢٠١٢، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "لەسەر ڕێگەی شەهیدانی شۆڕش بەردەوام دەبین، ئاڤشین و ئارین و بارین و زوهرە و ژیان تۆڵهەڵدان و یوسرا و ڕەیحان و سەدان شەهیدی تر، ئەوانەی بە بەرخۆدان بوونە هیوای ژیانی ئازاد بۆ هەموو ژنان و گەلان".

هەروەها ئەم یادە پیرۆزدەکات لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان "و شەهیدان، گەلی وڵاتپارێز، بەرخۆدەرانی زیندان، گەریلاکانی لوتکەی چیا، گەلی دیموکراتیخواز و ئازادیخواز، سەری ڕێز دادەنەوێنین بۆ شەهیدان و بەڵێن دەدەین بە پاراستنی میراتەکەیان و درێژەدان بە ڕێگەیان".

لە ڕاگەیاندراوەکە هاتووە: "گەلی کورد لە ڕۆژئاوا پاش ئازاری ٢٠١٢، بەئاشکرا بەرگری لە سیاسەتی ڕێگەی سێیەم کرد. لەلایەک ناڕەزایەتیەکان دژی ڕژێم لە شەقام و گەڕەکەکان پەرەی سەند، لەلایەکی تر، گەلی کورد پلە بە پلە ژێرخانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دادەمەزراند. سەرەتا کۆبانێ خاکەکانی ژێر دەستی دەوڵەتی گەڕاندەوە و مەجلیسی گەلی دامەزراند، بەمەش تۆوی ئیدارەی گەلی چاند. پاشان چەندین ڕێکاری گرنگ لە بواری تەندروستی و پەروەردە و شارەوانی و سەلامەتی گشتی پەیڕەوکران. ئەو مەشخەڵی شۆڕشەی لە کۆبانێ داگیرسا، گڕەکەی گەیشتە عەفرین و دێرک و قامیشلۆ. گەلی کورد خۆی بەڕێوەبرد و هەرێمەکەی پاراست".

شۆڕشی ڕۆژئاوا "بوو بە ڕوناکی ئازادی بۆ جیهان و بووە هیوای گەلانی چەوساوە، هەروەها بووە ئاوێنەی ئیرادەی ژنی ئازاد، سەلماندی گەلان بێ ئەڵتەرناتیڤ نابن، ژنان خاوەنی ئەڵتەرناتیڤن، لەم چوارچێوەیەدا، ژنان لە هەموو بوارەکان خۆیان ڕێکخست و پێشەنگایەتی سیستەمەکەیان کرد".

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "دووبارە، بەگوێرەی فەلسەفەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی، ئێمە وەک کۆنگرەی ستار، هەموو شەقام و گەڕەک و شارێک دەپارێزین، تێکۆشان بەتینتر دەکەین تا بەدیهاتنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، داوا لە هەموو ژنێکی ئازادیخواز دەکەین، بڕژێنە گۆڕەپانەکان و دەسکەوتی شەهیدان و شۆڕش بپارێزن".