كۆنگرەی ستار: ئەو کەسانەى خۆیان بە ئەردۆغان فرۆشتووە نوێنەرایەتیی ئێمە ناکەن

كۆنگرەی ستار رایگەیاند؛ ئەو کەسانەی خۆیان بە ئەردۆغان فرۆشتوە نوێنەرایەتیی ژنانی ئێزدی ناکەن و ڕاشیگەیاند، "کەسێک، کە ئەمڕۆ پشتیوانی لە دوژمن دەکات و ڕەوایی بە هێرشەکانی دەدات، مرۆڤێکە گومانی لێدەکەین لەلایەن ئەردۆغانەوە کڕدرابێت".

دەیان ئەندامی كۆنگرەی ستار لەشاری قامیشلۆ لەناوەندی چاند و هونەری محەمەد شێخۆ كۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێكیان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەیاندا هێرشەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر لەسەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و خیانەتی ڤیان دەخیل شەرمەزار كران.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری  كۆنگرەی ستار"ئیبتسام حسێن"ەوە خوێندرایەوە.

لەلێدوانەكەی كۆنگرەی ستاردا هاتبوو؛ وەكو هەموو لایەك ئاگادارن، داعش لەساڵی ٢٠١٤، هێرشی وەحشیانە و بەهێزی كردە سەر شەنگاڵ و هەزاران كچی ئێزیدیان دیل کرد و سەدان كچ و كوڕ، دایك و باوكی ئێزیدیان كۆمەڵكۆژ و بریندار كرد و تەنانەت تا ئێستاكەش سەدان كچی ئێزیدی لە دەستی چەتەكانی داعشدا ماون و وەكو كوێلەیەك بەكاریان دەهێنن و منداڵانی ئێزیدییان فڕاند و بەپرۆسەیەكی تواندنەوەدا دەربازیان كردن.

داعش بەرێگەی ئایدیۆلۆژی ئیسلامی رادیكال ترسی خستبووە دڵی هەموو جیهانەوە. لەناو چەند رۆژدا موسڵ، كەركوك و تا نزیک بەغدای خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆییەوە. ئێدی ئەو رێكخستنە چەتەیە رووی لەهەولێر كردبوو. بۆ ئەوەی گەلی هەرێمەكە، كۆمەڵگەی ئێزیدی و مرۆڤایەتی كۆمەڵكۆژ نەبن، جیهان بەرەو قۆناخێكی تارێكی نەچێت، پەكەكە لەسەر شەنگاڵ و باشور و سوریا قەڵەمبازێكی مێژوویی دەست پێ كرد. لەشەنگاڵ و كۆبانی سەركەوتنی مێژوویی لەسەر ناوی مرۆڤایەتی بەدەستهێنا.

لەسەر ئەو رێگەیە بەهەزاران شەڕڤان و گەریلا گیانیان بەختكرد. سەدان كەسایەتیی ئینتەرناسیۆنالیست، گەنجی كورد، عەرەب، ئەرمەن و سوریانی گیانیان فیدا كرد.

بۆ ئەوەی كچانی ئێزیدی لەدەستی داعش رزگار بكەن، بەدەیان مرۆڤ خۆیانیان فیدا كرد. پەكەكە وەكو بزوتنەوەیەكی مرۆڤایەتی و پارتی ژنان بۆ رزگاركردنی ژنانی ئێزیدی، بوون و نەبوونی خۆی خستەکار. بێگۆمان ئەوە ئەركێكی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بوو، بەڵام ئەمڕۆكە هەڵوێستی وەها بێ نرخ نیشان دەدرێن، کە ئێمە وەكو بزوتنەوەیەكی ژنان ناتوانین نزیكبوونەوەیەكی وەها هەرزان و بێ نرخ و ئینكاركەر قەبووڵ بكەین. چونكە ئێمە وەكو كۆنگرەی ستار پارچەیەكین لەو شەڕە، ئەگەر لەسایەی شەڕڤانانی ئازادییەوە نەبوایە، ئەگەر یەپەگە و یەپەژەش نەبوونایە، ئێمەش تووشی بارۆدۆخی شەنگاڵ دەبووین.

لەبەر ئەوەش ئێمە وەكو كۆنگرەی ستار هەم سوپاسی شەڕڤانانی ئازادی دەكەین و هەمیش ئاخاوتنەكانی ڤیان دەخیل، كە جێگای داخە بەتوندی شەرمەزار دەكەین.

وەكو كۆنگرەی ستار دەڵێین: "ئەگەر ڤیان دەخیل ژنێكی خاوەن شکۆ بوایە، پشتگیریی ئەردۆغان دۆژمنی مرۆڤایەتیی نەدەكرد.

ڤیان دەخیل لەو كەسانەیە، كە لەلایەن شەرڤانانی ئازادییەوە رزگار كرا و خۆیشی باش دەزانێت، ئەوەی پشتگیری داعش دەكات، ئەردۆغانە. ئەردۆغان لە هەر چواربەشی كوردستان دوژمنایەتیی كوردان دەکات و پشتگیری لە داعش دەكات.

ئەو كەسانەی ئەمڕۆ پشتگیرسی دۆژمن دەكەن و هێرشەكانیان بۆ سەر شەڕڤانانی ئازادی و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بە ڕەوا دەزانن، ئێمە لەو قەناعەتە داین، كە ئەو مرۆڤە لەلایەن ئەردۆغانەوە كڕدراون، بۆیە ناتوانێت نوێنەرایەتیی ژنانی ئێزیدی بكات، یان ئەوەتا مرۆڤێكە خۆی بە دەستەوە داوە، ئێمە هیچ كاتێك ئەو كەسە وەكو پەرلەمانتار، وەكو ژنێك، كە خاوەن شکۆ بێت، قەبووڵ ناكەین. چونكە ئەگەر مرۆڤێكی خاوەن شکۆ بوایە، پشتگیریی كردەوەكانی دەوڵەتی توركی نەدەکرد. ئەو دەوڵەتەی، كە پشتگیری تیرۆری داعش لەدژی نرخەكانی مرۆڤایەتی دەکات و تاوان ئەنجام دەدات".

لەكۆتایی ڕاگەیاندراوەكەی كۆنگرەی ستاردا هاتووە؛ ئێمە وەكو ئەنجوومەنی كۆنگرەی ستار، کە  خاوەن رەنج، تێكۆشان و بەرخۆدانین، خاوەن گەلێك ئێش و ئازارین، کە لە ماوەی دە ساڵەی شۆڕشدا كێشاومانە، خاوەنداری لەهێزەكانی پاراستنمان دەكەوین و هەڵوێستمان بەرامبەر بەهەموو هێرش، ئاژاوەگێڕی و کاری تێکدەرانە و هەوڵەکان بۆ رەشكردن، نیشان دەدەین. پەیوەست بوونمان بەبزوتنەوەكەمان و رێبەرایەتیمان هەمیشەییە".

ژ.ت