کوردانی دیمەشق ١٥ ی ئاب پیرۆز دەکەن

لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، بە ئاهەنگێک ساڵیادی ١٥ ی ئاب پیرۆزکرا، دووپاتکرایەوە، ئەم ڕۆژە لەدایکبوونەوەیەکی نوێیە بۆ گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە.

سەدان دانیشتووی گەڕەکی زۆرئاڤا و ڕوکنەدین لە دیمەشق، بەبۆنەی ساڵیادی جەژنی ژیانەوەی ١٥ ی ئاب، لە گۆڕەپانی شەهیدانی گەڕەکی زۆرئاڤا ئاهەنگێکیان سازکرد.

ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان هاوسەرۆکی پەیەدە لە دیمەشق، فازڵ بوزان، ئەندامی مەجلیسی کۆنگرەی ستا، کەفا عەزیز، ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، موستەفا نەعسان، قسەیان کرد. ئەم ڕۆژەیان لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەریلاکانی هەپەگە و گەلی کورد پیرۆزکرد.

ئاماژە بەوە کرا، هەڵمەتی ١٥ ی ئاب، لەدایکبوونەوەیەکی نوێ بوو لە مێژووی هەرێمەکەدا، لەم ڕۆژەدا، یەکەمین فیشەک نرا بە ڕووی دوژمنانی کوردەوە، بووە ڕاگەیاندنی تێکۆشانی چەکداری دژی دەوڵەتی تورک و سیاسەتی نکۆڵییەکەی.

تیشک خرایە سەر ئەوەی، تێکۆشانی چەکداری لەکاتێکدا هاتەپێش، هیچ هێزێکی نەیاری سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە گۆڕەپانی تورکی و کورد نەبوو، بەهۆی کودەتا سەربازییەکەی ١٢ ی ئەیلوولی ١٩٨٢. تەنها بەرخۆدانی زیندانی ئامەد بە پێشەنگایەتی کەمال پیر و هاوڕێکانی و هاواری "بەرخۆدان ژیانە" هەبوو.

هەروەها ئاماژە کرا بە کاریگەری ١٥ ی ئاب لەسەر ژنی کورد، چۆن ژنی کورد ڕێگەی ئازادی دۆزییەوە و هاتە ڕیزەکانی هەپەگەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم ژنان و گەڕان بەدوای هەبوون و کەسێتی ژن، ناوی تێکۆشەرانی وەک "ساکینە جانسز و بێریتان و بێریڤان" نموونەی ئەم هەنگاوەن.

هەروەها قسەکەران باسیان لە کاریگەری هەڵمەتی ١٥ ی ئاب کرد لەسەر گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆڵی ئەم هەڵمەتە لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕۆژئاوا.

ئاهەنگە بە سترانە شۆڕشگێڕییەکانی گرووپی شەهید سەرحەد و بەشداری چەند هونەرمەندێکی وەک عومەر کۆبانێ و عیماد حەسەن و هەڵپەڕکێی ئامادەبووان کۆتایی هات.