لە عامودا خێوەتی سەرەخۆشی بۆ شەڕڤانانی ئەرکی خۆپاراستن دانرا

بۆ ئەو دوو شەڕڤانەی لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عامودا شەهیدبوون، خێوەتی سەرەخۆشی دانرا.

بۆ دوو شەرڤانی ئەرکی خۆپاراستن، ئیبراهیم موسلیت و سەباح سەعدون کە لە ٢٨ ی تەمموز لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گوندی خربەی ناوچەی عامودا شەهید بوون، خێوەتی سەرەخۆشی دانرا.

لە مەراسیمەکەدا، ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی عامودا، عەبدولباقی عەلی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و ڕایگەیاند، دەبێت پێکهاتەکانی هەرێمەکە لەبەرامبەر هێرش و هەڕەشەی داگیرکەران یەکڕیزی و یەکگرتنی خۆیان بەهێز بکەن.

عەلی ئاشکرای کرد، پێویستە بەرامبەر هێرشی داگیرکەر تێکۆشان بەگوڕتر بکەین و تۆڵە لە سیخوڕ و خیانەتکاران بکەینەوە.

ئەندامی مەجلیسی سەربازی عامودا، بیجۆ بیجۆ، ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی تورک مێژووییەکی ڕەش و خوێناوی هەیە، سیاسەتی قڕکردن دژی پێکهاتەکانی هەرێمەکە درێژە پێ دەدات.

بەڵێنی بۆ شەهیدان و گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دووپات کردەوە، باجەکەی هەرچییەک بێت، هەرێمە دەپارێزن و داگیرکەری تورک لە سوریا دەشکێنن.

هەروەها بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار، جەلیلە خەلیل، ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە سیاسەتی قڕکردن دژی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ژنانی تێکۆشەر، بەڵام سەرناکەوێت.

پاش وتەکان، ناسنامەی هەردوو شەهید ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.