لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جەژنی ژیانەوە پیرۆزکرا

لە چەند ناوچەیەکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ٣٩ هەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب پیرۆزکرا.

لە چەند شارێکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ٣٩ هەمین ساڵیادی ١٥ ی ئاب بە ئاهەنگی جەماوەری پیرۆزکرا.

قامیشلۆ

بە هەزاران دانیشتووی قامیشلۆ، کورد و عەرەب و سریان و ئەرمەن بۆ پیرۆزکردنی ٣٩ هەمین ساڵیادی ١٥ ی ئاب، ئاهەنگێکیان سازکرد بە درووشمی "ئێمە هەڵمەتی ١٥ ی ئاب لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین".

ئاهەنگەکە لە یاریگای ١٢ ی ئادار بەڕێوەچوو. بەناوی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانەوە، دایکی شەهید محێدین گەلۆ، شەمسەخان گەلۆ، ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئابی پیرۆزکرد.

پاشان هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی قامیشلۆ، مەعسوم حەسەن، گوتی: "ئەم بۆ بەدەستهێنانی ئازادی لەسەر ڕێگەی فەرماندە عەگید و هاوڕێکانی دەڕۆین. هەڵمەتی ١٥ ی ئاب، توانی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یەکبخات و لەسایەی ئەو فەرماندانە، بوونە یەک و بوونە خاوەنی دۆزی خۆپاراستن".

عامودا

سەدان دانیشتووی ناوچەی عامودا لە کانتۆنی قامیشلۆ ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئابیان لە هۆڵی بێلیسان پیرۆزکرد. ئاهەنگەکە بە درووشمی "ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین" ڕێکخرا.

گۆڕەپانەکە بە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و فەرماندە عەگید و ژنانی شەهیدی پێشەنگ ڕازێنرایەوە.

لە ئاهەنگەکەدا هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی عامودا، زیوار سلێمان ١٥ ی ئابی لە گەلی کورد و گەلانی بندەست پیرۆزکرد و گوتی: "فیشەکی یەکەمی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب بەرامبەر سیاسەتی قڕکردن و نکۆڵی و ستەمی سەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین تەقێنرا.

زیوار سلێمان ئاماژەی بەوە کرد، هەڵمەتی ١٥ ی ئاب بۆ گەلی کورد ژیانەوە  و بۆ گەلانی هەرێمەکە هیوای ژیانێکی ئازادی زیندووکردەوە. سلێمان گوتی، شۆڕشی ١٩ ی تەمموز بەرهەمی هەڵمەتی ١٥ ی ئابە.

هەروەها داوای کرد درێژە بە تێکۆشان بدەن و دەسکەوتەکانی شۆڕش بپارێزن.

ئاهەنگەکە بە ستران و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.  

ڕەقە

پەیەدە و دانیشتووانی ڕەقە ١٥ ی ئابیان لە گەڕەکی ئەکرادی باکوری ڕەقە پیرۆز کرد.

لە ئاهەنگەکەدا ئەندامی پەیەدە و مەجیلسی بنەماڵەی شەهیدان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و سەربازییەکان و ئەندامانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەشداربوون.

لە ئاهەنگەکەدا دایکانی شەهید مەشخەڵی جەژنی ژیانەوەیان داگیرساند.

دواتر، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری جڤاکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، جیهاد حەسەن گوتی: "هەڵمەتی ١٥ ی ئاب، ڕۆژێکی مێژووییە، گەلی کورد بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورک سەریهەڵدا".

حەسەن دواتر گوتی: "کاتێک ئەم ڕۆژە یاد دەکەینەوە، دەبێت بزانین میراتێکی شارستانییە. میراتی پاراستنی بەهاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. میراتی بەرخۆدانە بەرامبەر کۆیلایەتی و ستەم".

بەناوی پەیەدە، ئەندامی پارتەکە، ئێزدان شێخی، هەڵمەتەکەی پیرۆز کرد و گوتی: "تەقاندنی فیشەکی یەکەمین بە دەستی شەهید مەعسوم کۆرکماز، گەلی هەرێمەکەی ژیاندەوە".

لە ئاهەنگەکەدا چەند هەڵبەستێک بە زمانی کوردی و عەرەبی خوێنرانەوە. هەروەها بەشداران بە سترانەکان هەڵپەڕین.