لە چەندین ناوچەی ڕۆژئاوا گۆشەگیری شەرمەزارکرا

ژنان لە چەندین هەرێمی جیاوازی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دژی ڕێکارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

دژی نامە هەڕەشەئامێزەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن دەوڵەتی تورک و ئیدارەی زیندانی ئیمراڵی، ئەمڕۆ چەندین خۆپیشاندانی فراوان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوون. کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا و ڕێکخستنی ژنان لە ڕەقە و مەنبەج و دەیرەزۆر گردبوونەوە، تێیدا داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.

هەروەها یەکێتی پارێزەرانی عەفرین لە شەهبا ڕاگەیاندراوێکیان لەم بارەیەوە خوێندەوە.

ڕەقە

بە سەرپەرشتی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، سەدان خۆپیشاندەر لەبەردەم نەخۆشخانەی مناڵانی ڕەقە کۆبوونەوە و وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردەوە، لەگەڵ لافیتەکان بە درووشمی "ئازادی ڕێبەر ئۆجالان، ئازادی گەلانە"، "سڵاو بۆ ئافرێنەری ئاشتی و پشتیوانی ژنانی ڕەقە".

لە خۆپیشاندانەکەدا، ئەندامانی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان و پارتە سیاسییەکان و ئەندامانی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتی ژنانی گەنج و دەستەی ژنان بەشداربوون.

خۆپیشاندانەکە بەرەو پەیکەری ژن بەڕێکەوت بە درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ"، بژی ڕێبەرمان عەبدوڵا ئۆجالان". 

پاش گەیشتنە لای پەیکەرەکە، خۆپیشاندەران خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، پاشان ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، بەسینە عەبدو، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

سەرەتا سیاسەتی قڕکردنی دەسەڵاتی فاشیستی تورکی بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزارکرد کە ٢٨ مانگە گۆشەگیری سەپاندووە.

ئاماژەی بەوە کرد "ئەم کارەی دەسەڵاتی تورک لە سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی، دژی یاسا تورکی و نێودەوڵەتییەکانە، ناکۆکە لەگەڵ ئەخلاق و بەها مرۆییەکان، گوزارشتە لە سیستەمێکی ئەشکەنجە کە دەخوازێت بە هەموو شێوەیەک زیندانییەکان تەسفیە بکات".

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات "نامە هەڕەشەئامێزە و فشارە دەروونییەکانی سەر ڕێبەر، کارتی ئەردۆگانی تاوانبار و حکومەتەکەیەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان".

هەروەها گوتی: "ئێمە وەک گەلان و ژنانی هەرێمەکە، هەموو هەوڵێک دەدەین لەپێناو هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر و بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی کە ئازادی گەلانی هەرێمەکە و بەدیهێنانی ئیرادەی ئازادە بۆ ژیانی ئاشتییانە".

لەکۆتاییدا هاتووە: "لەم گۆڕەپانی تێکۆشانی و بەرخۆدانەی ژنانی ڕەقەوە، سڵاو لە ڕێبەر دەکەین و بەڵێنی پێ دەدەین تێکۆشان مەزنتر بکەین تا بەدیهاتنی ئازادی جەستەیی".

دەیرەزۆر

لە گوندەواری دەیرەزۆری ڕۆژئاوا، سەدان کەس لە ئەندامانی دامەزراوە مەدەنییەکان و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی سور و ئەندامانی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا لە چوارڕیانی شارۆچکەی کەسرە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان کرد، تێیدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردەوە لەگەڵ لافیتەکان بە درووشمی "هێرشەکانی دوژمنی فاشیست نیشانەی ترسێتی لە شۆڕشی ژن" و " بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ڕێگەی شەهیدان بەردەوام دەبین تا بەدیهاتنی ئازادی جەستەیی".

گەل گەیشتنە دووەمین چوارڕیانی شارۆچکەکە، لەوێدا خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، پاشان بەڕێوەبەری نوسینگەی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، خیتام ساڵەح، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و گوتی: "بەتوندی گۆشەگیری سەر ڕێبەر شەرمەزار دەکەین، بەتایبەت ئەو نامە هەڕەشەئامێزانەی بەبێ ناونیشان دەگەنە ڕێبەرمان".

ڕاگەیاندراوەکە گۆشەگیری بە ستەم لەقەڵمدا، چونکە "ڕێبەری گەلان و مرۆڤایەتی لەنێو چوار دیوار گۆشەگیرکراوە"، گوتی "ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر بناغەی یەکێتی گەلان ٤٠ ساڵ لەپێناو ئاشتی و یەکێتی نێوان گەلان تێکۆشا".

دووپاتی کردەوە "ڕێبەر ڕووبەڕووی ستەمی سەر ژنان وەستایەوە، بۆیە پێویستە ئەم گۆشەگیرییەی سەر ڕێبەر ئاپۆ هەڵبگیرێت، کلیلی چارەسەری کێشەکان لە ئیمراڵییە".

بانگەوازەکە لەکۆتاییدا بانگەوازی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، هەموو هەوڵێک بدەن دژی دڕندەیی دەوڵەتی تورک بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

خۆپیشاندانەکە بە درووشمی سڵاوکردن لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی هات.

مەنبەج

ژنانی شاری مەنبەج و دەوروبەری و ئەندامانی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا و ئەندامی پارتە سیاسییەکان و هێڵ و مەجلیسە مەدەنییەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ_ژن، بەشداربوون لە خۆپیشاندانێکی بەرفراوان، خۆپیشاندانەکە لە چوارڕیانی میزان لە ناوەندی مەنبەج دەستیپێکرد بەرەو چوارڕیانی مەسەب، بە بەرزکردنەوەی وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و درووشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێ: و "بژی بەرخۆدانی ژنان" و "بژی بەرخۆدانی ڕێبەر".

پاش گەیشتنیان بە چوارڕیانەکە، بەشداربووان خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، پاشان هاوسەرۆکی پەیەدە لە مەنبەج، ڕیم دەروێش، گوتی: "ڕەفتار و نامە هەڕەشەئامێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرامبەر ڕێبەر و بیرمەند عەبدوڵا ئۆجالان، نائەخلاقی و نایاساییە، دوورە لە هەموو پێوەرێکی مرۆڤایەتی و پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی".

جەختی کردەوە: "بەتوندی کارەکانی سیستەمی تورکی ئەردۆگانی و سیاسەتە شۆڤێنییەکانی بەرامبەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕەتدەکەینەوە، توندکردنەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەر دەکەوێتە چوارچێوەی شەڕێکی ڕاگەیاندراوەوە دژی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا". 

دووپاتی کردەوە: "ئەم هەڕەشانە هاوکاتە لەگەڵ شۆڕشی ١٩ ی تەمموز، شۆڕشی ژنی ئازاد، هەروەها نامەی تۆڵەکردنەوەیە لە تێکۆشانی ژنان کە پیلانەکانی داگیرکەری تورکی پووچەڵکردەوە".

خۆپیشاندانەکە بە درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.

شەهبا

هەر لەم چوارچێوەیەدا، یەکێتی پارێزەران لە شەهبا، ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە، تێیدا نامە هەڕەشەئامێزەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان شەرمەزارکرد، دەوڵەتی تورک و یەکێتی ئەوروپی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی، بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر ڕەوشی تەندروستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

هەروەها بانگەوازیان کرد بۆ هەڵوێست وەرگرتنی بەپەلە لەپێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.